مەکتەبی سیاسی پارتی: دەتوانرێت رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە

"داوا لە سەرجەم سەرکردە ساسییەکانی سەر گۆڕەپانی عێراق دەکەین لە ئاست بەرپرسیارەتی قۆناغی ئێستادابن"
لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان
لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، دەتوانرێت رێککەوتن بکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەروەها داوا لە سەرم لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات، لە ئاست بەرپرسیارێتی قۆناغەکەدابن بۆ تێپەڕاندنی کێشەکان.

ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیەندراوێکی لەسەر دۆخی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "سەبارەت بەبارودۆخ و ئاڵۆزیە سیاسییەکانی ئەم دواییەی عێراق پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕەزایی و ناڕه‌حەتی خۆی لەھەمبەر بارودۆخ و تەنگژەی سیاسی ئێستای عێراق دەردەبڕێت. ڕوونە ھەر لە سەرەتای راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی عێراق، کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 ئەنجامدرا و ئەو دەرھاوێشتە و کێشە و ئاڵۆزی و پێشھاتانەی دوای ھەڵبژاردن بوونە تەگەرەیەک لەھەمبەر دامەزراندنی حکومەتی تازەی عێراق لەسەر بناغەیەکی دەستووریی باوەڕپێکراو لەسەر بنەمای سیستەمی سیاسیی ئێستای عێراقدا لەئاکامدا وڵات گەیشتە لێواری باردۆخێکی سیاسیی داخراو".

مەکتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەشداوە، کە بۆ پاراستنی عێراق لەو مەترسیانەی کە لەقۆناغی ئێستایدا رووبەڕووی دەبێتەوە، داوا لە سەرجەم سەرکردە ساسییەکانی سەر گۆڕەپانی عێراق دەکەن لە ئاست بەرپرسیارەتی قۆناغی ئێستادابن و داواش لە ھەموو لایەنەکان دەکەن ھەنگاوی جدی و پێویست و بەپەلە بگرنەبەر، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرھەمدار و سەرکەوتوو، لەسەر بناغەی پشت بەستن بەبنەماکانی دەستووری عێراق بۆ رزگارکردنی وڵات لەو دۆخە چەقبەستوویەی ئێستایدا.

هەر لە راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتیدا جەخت لەوەشکراوەتەوە، "لەپێناو ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاری راستەقینە و باشترکردنی بارودۆخی ئێستای عێراق، دەتوانرێت رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دوای ئەوەی ھەموو لایەنەکان رێکبکەون و بەڵێنی ئەوەش بدەن، کە بە ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان رازیدەبن وەک خۆی و ئەزموونی ھەڵبژاردنەکانی رابردووی عێراقیش دووبارە نەبێتەوە".

بەگوێرەی ماددەی 64ی دەستووری عێراق، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دوو رێگا هەیە کە یەکەمیان دەبێت "یەک لەسەر سێی ئەندامەکانی داوای هەڵوەشاندنەوە پەرلەمان بکەن، دووەمیان دەبێت "سەرۆک وەزیران بە رەزامەندی سەرۆک کۆمار داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکات"، کاتێک یەکێک لەم دوو داواکارییە هەبوو، پەرلەمان لە دانیشتنێکدا دەیخاتە دەنگدانەوە  و بە دەنگی زۆرینە پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و حکومەت دەبێتە کاربەڕێکەر، دواتریش پێویستە سەرۆک کۆمار کاتی هەڵبژاردن دیاری بکات، بە مەرجێک لە 60 رۆژ تێنەپەڕێت، بۆئەوەی خولی داهاتووی پەرلەمان، سەرۆک کۆماری نوێ هەڵبژێرێت.

رۆژی 10ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجامدرا، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە عێراقییەکانەوە، لەماوەی 10 مانگی رابردوودا، نەگەیشتنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.

کۆتایی مانگی تەمووزی رابردوو، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی (کە زۆرینەی لایەنە سیاسییە شیعەکانی تێدایە جگە لە موقتەدا سەدر) محەمەد شیاع سوودانیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندیدکرد، ئەوەش دوای ئەوە هات، کە سەدر لە پێکهێنانی حکومەت و بەشداریکردن لە پەرلەماندا کێشایەوە و پەرلەمانتارەکانیان دەستیانلەکار کێشایەوە.

دوای راگەیاندنی کاندیدی سەرۆک وەزیران، لایەنگرانی موقتەدا سەدر، خۆپیشاندانیان لە بەغدا دەستپێکرد و چوونە ناو پەرلەمانی عێراق، لەماوەی دوو هەفتەی رابردووشدا، خۆپیشاندانەکانیان بەردەوام بووە و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن.