سەلمان روشدی توانای قسەکردنی نەماوە

چاوێکی کوێر بووە و جەرگ و دەماری دەستی، چەقوی بەرکەوتووە
پۆلیس کەسێکی بە ناوی "هادی مەتەر" بە تۆمەتی هێرشکردنەسەر سەلمان روشدی دەستگیرکردووە
پۆلیس کەسێکی بە ناوی "هادی مەتەر" بە تۆمەتی هێرشکردنەسەر سەلمان روشدی دەستگیرکردووە

K24 – هەولێر

ئەندرۆ وایلی، بەڕێوەبەری بەرنامەکانی سەلمان روشدی گوتی، "هەواڵی خۆشم پێ نییە"، چونکە ئەو نووسەرە ناسراوە "لە ژیر ئامێری هەناسەی دەستکرددایە و توانای قسەکردنیشی نییە".

وایلی، ئاشکرای کردووە کە سەلمان روشدی، چاوێکی کوێر بووە و جەرگ و دەماری دەستی، چەقوی بەرکەوتووە.

پۆلیس تا ئێستا باسی لە هۆکاری ئەو هێرشە بۆ سەر سەلمان روشدی نەکردووە و لێکۆڵینەوە و پشکنینی ئامێری ئەلکترۆنی ناو جانتای هێرشبەرەکەی دەستپێکردووە.

سەلمان روشدی 75 ساڵان و نووسەری کتێبی " ئایەتە شەیتانییەکان"  چەند ساتێک دوای دەستپێکی قسەکردنی لە پەیمانگایەکی نیویۆرک، لەلایەن کەسێکەوە هێرشیکرایە سەر و دواتر بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانە.

پۆلیس کەسێکی بە ناوی "هادی مەتەر" بە تۆمەتی هێرشکردنەسەر سەلمان روشدی دەستگیرکردووە.

ئایەتە شەیتانییەکان، یەکێکە لە رۆمانەکانی نووسەر و رۆماننووسی ناوداری (هیندی- بەریتانی) سەلمان روشدی تەمەن 75 ساڵ، کە لە 26ـی ئەیلولی 1988 لە لەندەن بڵاوکراوەتەوە.

دوای ماوەیەکی کەم لە دەرچوونی ئەم کتێبە کاردانەوەکانی جیهانی ئیسلامی دەستیپێکرد و دیارترینیان، سووتاندنی ژمارەیەکی زۆر لەو کتێبە بوو لە شاری برادفۆری بەریتانیا و دواتر دەرکردنی فەتوایەك بۆ حەڵاڵکردنی خوێنی سەلمان روشدی لەلایەن ئایەتوڵا خومەینی رێبەری ئەو کاتی ئێران.

موسڵمانان بەهۆی ئەم کتێبەوە، سەلمان روشدی بە سووکایەتیکردن بە ئایینی ئیسلام و قورئانی پیرۆز تۆمەتبار دەکەن.