وادەی چاککردنەوەی بۆری ئاوی ئیفراز سێ ئاشکراکرا
K24 – هەولێر
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر رایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا بۆری ئاوی ئیفراز سێ چاکبکرێتەوە.
ئەمڕۆ جارێکی دیکە بۆری ئاوی ئیفراز سێ-ی هەولێر شکا، کە ئاوی زۆربەی گەڕەکەکانی شاری هەولێر دابین دەکات.
زەردەشت عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "هۆکاری شکانی بۆرییەکە تەکنیکییە و ئەو بۆرییە توانای بەرگەگرتنی لاواز بووە و پێویستی بە گۆڕینە".
گوتیشی: "بە سوپاسەوە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی پارەی پێویستی بۆ گۆڕینی بۆری ئاوی ئیفراز سێ-ی هەولێر لە بودجە تەرخانکردووە، ئێستا رێکارەکانی دارایی بۆ ئەنجامدەدرێت و قسە لەگەڵ کۆمپانیا بە تواناکان دەکرێت، کام کۆمپانیا بتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا پڕۆژەکە جێبەجێ بکات گفتوگۆی لەگەڵ دەکرێت و پڕۆژەکەی پێدەدرێت".
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، راشیگەیاند: "تیمەکانمان تەواوی هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر بۆرییەکە چاکبکەنەوە و ئاو بۆ گەڕەکەکانی هەولێر بگەڕێتەوە".
ھەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی ھەیه، ئیفراز یەك ساڵی 1967 دروستکراوە و تا ئێستا بێ كێشهترینه و دواتر ئیفراز دوو ساڵی 1982 درووستكراوه، بههۆی كوالێتییهكهیهوه سهرهڕای ئهو زیادهڕۆییانهی كرابوونه سهر بۆرییهكه هێشتا له كاردایه، بهڵام پڕۆژهی بۆری ئیفراز سێ له ساڵی 2007 کەوتووهته كار و تا ئێستا زیاتر لە 20 جار شكاوه و وهك شارهزایان ئاماژهی پێ دهكهن، خراپی جۆری بۆرییەکە هۆكاری سهرهكی كێشهكانییهتی.
پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 3ی هەولێر، لە ساڵى 2004وە لە زێى گەورە بۆ ناوشارى هەولێر لەلایەن ئەمەریکاوە دەستیپێکرد و دوای تەواوبوونی لە ساڵی 2007 ئاوی %40ی گەڕەکەکانی هەولێر بەو بۆریە دابین دەکرێت. جۆرى بۆریەکە (GRP)یە واتە فایبەرگلاس، بە گوتەی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر ئەوان ئەو جۆرە لە پڕۆژەکان بەرکارناهێنن، بەڵام ئەوکات چونکە ئەمەریکییەکان لەسەر ئەرکی خۆیان پڕۆژەکەیان جێبەجێ کردووە، هەر خۆشیان ئەو جۆرە بۆریەیان هەڵبژاردووە.