هەناردەی ئۆپێک زیادیکردووە

عێراق رۆژانە 30 هەزار بەرمیل نەوتی زیادکردووە
ئۆپێك
ئۆپێك

K24 - هەولێر

هەناردەی حەوت وڵاتی ئەندامی رێکخراوی ئۆپێک لە مانگی تەممووزدا زیادیکردووە، کە عێراق یەکێکیانە.

هەناردەی نەوتی ئۆپێک لە مانگی رابردوودا بە بڕی 216 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیادیکردووە و گەیشتووەتە 28 ملیۆن و 896 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.

بە گوێرەی راپۆرتی مانگانەی رێکخراوەکە، زۆرترین بڕی هەناردەکراو لە لایەن سعوودیەوە بووە، کە ئاستی بەرهەمهێنانی بە بڕی 158 هەزار بەرمیل بۆ 10 ملیۆن و 714 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیادیکردووە، لە دوای ئەو ئیمارات بە بڕی 48 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و کوێتیشی لە پلەی سێیەمدایە و رۆژانە 47 هەزار بەرمیل نەوتی زیادکردووە.

بە گوێرەی راپۆرتەکە، عێراق رۆژانە 30 هەزار بەرمیل نەوتی زیادکردووە، تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانەی گەیشتووەتە 4 ملیۆن و 496 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، هەروەها بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بڕی 447 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بەرهەمهێناوە.

لە راپۆرتەکەی ئۆپێکدا هاتووە، چەند وڵاتێک ئاستی بەرهەمهێنانیان کەمیکردووە لە سەروویانەوە ڤەنزوێلا و دواتر ئەنگۆلا و لیبیا و کۆنگۆ.