ئانچیلۆتی نیگه‌رانه‌ له‌ پاڵێوراوانی باڵۆن دۆری 2022

ریال مەدرید لە یاریگای ڤالدێبێباس دوایین یەکەی مەشق و راهێنانی کرد پێش ئەوەی گەشتی ئالمیریا بکات و لە گەڕی یەکەمی لالیگا كه‌ بڕیاره‌ سبه‌ی شه‌و رووبەڕووی ئەم یانەیە ببێته‌وه‌ کە تازە گەڕاوەتەوە خولی پلەیەکی ئیسپانیا.

دوایین جار کە ریال مەدرید بەرامبەر ئالمیریا دۆڕا لە ساڵی 2008 بوو، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا 10 یاریی دیکەیان کردووە و مێرەنگی هەشت سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوەکانی ریال مەدرید، رۆدریگۆ کێشەی ماسولکەیی لە رانی راستی هەیە به‌هۆیه‌وه‌ هاوشانی دانی كارڤاخاڵ بانگهێشتی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ئه‌لمیریا نه‌كراوه‌. بەر لە یارییەکەش ئانچیلۆتی دەڵێت ئامادەن پارێزگاری لە ناسناوی لالیگا بکەن.

كارلۆ ئانچیلۆتی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا رایگه‌یاند هەستێکی باشیان هەیە و هیوایان زۆرە بۆ پارێزگاریکردن لە ناسناوەکە، تیپەکەشیان لە دۆخێکی باشدایە و یاریزانەکان ورەیان بەرزە بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێ.

ئانچیلۆتی گوتیشی: کاسێمیرۆ و چوامینی دوو یاریزانی گونجاون، هەریەکێکیان تایبەتمەندی جیاوازیان هەیە، دەتوانن بە یەکەوە لە ناوەڕاست یاریی بکەن، نازانم لەم یارییە هازارد یاریی دەکات یان نا، بەڵام بەراورد بە وەرزی رابردوو زیاتر یاریی دەکات، ئەو دەتوانێت لە چەند شوێنێک یاریی بکات و دڵنیام دەتوانێت کوالێتی خۆی پیشان بدات.

ئانچیلۆتی ده‌شڵێت: پێموانییە تاکو مۆندیال کێشەی زۆرمان هەبێت، یاریزانەکان حەز دەکەن لە دۆخێکی باش بەشداری مۆندیال بکەن و خۆیان ئامادە دەکەن، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، یاریزانەکان لە دوای مۆندیال چۆن دەگەڕێنەوە، ئەم وەرزە پێویستە بە نۆرە یاریی بە یاریزانەکان بکەین، چونکە ئەمساڵ تیپێکی تەواوترمان هەیە و لەرووی جەستەییەوە پارێزراوتریش دەبن.

ئانچیلۆتی نیگه‌رانی خۆشی له‌ به‌ربژێرانی باڵۆن دۆر ده‌ربڕی و گوتی: زۆر نامۆیە و تووشی سەرسوڕمان بووم کە ناوی تۆنی کرووس لە بەربژێرانی باڵۆن دۆر نەبوو، چونکە وەرزێکی زۆر باشی بەڕێکرد.