یانه‌ی سلێمانی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ گۆڕه‌پانی ململانێیه‌كان راگه‌یاند
یانه‌ی سلێمانی زنجیره‌یه‌ك گرێبه‌ستی راگه‌یاند و به كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ گۆڕه‌پانی خوله‌كانی كوردستان و عێراق راگه‌یاند.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه، 13ـی ئابی/ئۆگه‌ستی 2022، یانه‌ی سلێمانی ده‌ستبه‌كاربوونی ستافێكی نوێی راهێنه‌رانی بۆ خولی پله‌یه‌كی كوردستان و عێراق راگه‌یاند و 13 یاریزانی نوێی پێشكه‌شی میدیایه‌كان كرد.
ئه‌یاد شه‌مسوڵا بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ش ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی سلێمانی وه‌رگرت كه پێشتر خۆی یاریزانی یانه‌ی سلێمانیش بووه، فه‌رمان كه‌ریم ده‌بێته یاریده‌ده‌ری و عومه‌ر حه‌مه‌ئه‌مین وه‌كو راهێنه‌ری گۆڵپارێزه‌كانی یانه‌ی سلێمانی ده‌ستبه‌كارده‌بن.
یانه‌ی سلێمانی له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌یدا خه‌سره‌و گوروونی وه‌كو سه‌رپه‌رشتیاری گشتی هونه‌ری یانه‌كه ده‌ستنیشان كرد و شڤان محه‌مه‌دیش ده‌بێته ئیداری یانه‌كه.
یانه‌ی سلێمانی گواستنه‌وه‌ی 13 یاریزانی راگه‌یاند كه دیارترینیان بابان عه‌لی و به‌هائه‌دین به‌كره كه دوای ساڵانێكی زۆر گه‌ڕانه‌وه یانه سوورپۆشه‌كانی سلێمانی، یاریزانه نوێیه‌كانی دیكه‌ش پێكهاتوون له: (هه‌ردی سه‌یفه‌دین، شێركۆ جه‌بار، به‌رهه‌م جه‌بار، یاسین جه‌وهه‌ر، حه‌یده‌ر جه‌لیل، ئه‌له‌ند دارا، هاوبه‌ش عومه‌ر، دانیار ئیسماعیل، شكار یاسین، محه‌مه‌د جه‌مال و پێشڕه‌و شه‌ریف).
یانه‌ی سلێمانی وه‌رزی رابردوو دوای 7 ساڵ دابڕان گه‌ڕایه‌وه و له خولی پله‌یه‌كی كوردستان و عێراق به‌شداریی كرد و خراپترین ئاماری تۆمار كرد، بڕیاری داوه بۆ ئه‌م وه‌رزه به‌م پێكهاته و ستافه به‌شداریی خوله‌كان بكاته‌وه.