به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌: له‌مه‌ودوا رێگه‌ به‌ منداڵان ده‌درێت به‌شداری له‌گه‌شتی عومره‌دا بكه‌ن

له‌مه‌ودوا رێگه‌ به‌ منداڵان ده‌درێت به‌شداری له‌گه‌شتی عومره‌دا بكه‌ن
له‌مه‌ودوا رێگه‌ به‌ منداڵان ده‌درێت به‌شداری له‌گه‌شتی عومره‌دا بكه‌ن

K24 – هه‌ولێر:

به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئاشكرایكرد، له‌مه‌ودوا رێگه‌ به‌ منداڵان ده‌درێت به‌شداری له‌گه‌شتی عومره‌دا بكه‌ن.

كاروان ستونی، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی هه‌رێمی كوردستان، له‌هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، رایگه‌یاند، لەمەودوا به‌ دوو شێواز رێگە بە منداڵان دەدرێت بچنە ناو حەرەمی پیرۆز لە وەرزی عومرەدا، كه‌ بریتین له‌:

یه‌كه‌م: منداڵی کەمتر لە پێنج ساڵ پێویستی بە رێگه‌پێدان نییە لە بەرنامەی (اعتمرنا).

دووه‌م: منداڵی گەورەتر لە پێنج ساڵ پێویستی بە رێگه‌پێدان هەیە لە بەرنامەی (اعتمرنا).

هه‌ر ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی حه‌ج و عومره‌ی سعوودیه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، هه‌ر كه‌سێك له‌ هه‌ر وڵاتێكه‌وه‌ بێته‌ سعوودیه‌، رێگه‌ی پێده‌درێت له‌كاتی مانه‌وه‌یدا عومره‌ بكات، له‌كاتێكدا پێشتر ئه‌وه‌ رێگه‌پێدراو نه‌بووه‌ و ڤیزای عومره‌ جیاواز بووه‌.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، چوون بۆ عومرە پێویستی به‌ بیمەی تەندروستی گشتگیر بۆ عومره‌كاران هه‌یه‌، كه‌ بریتییە لە تێچووی چارەسەرکردن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، رووداوە کەسییەکان، دواکەوتنی گەشتەکان یان هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، ئه‌وانه‌ی له‌ ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا و وڵاتانی شنگن دێنه‌ سعوودیه‌، ئاسانكارییان بۆ ده‌كرێت و هه‌ر له‌ فڕۆكه‌خانه‌ ڤیزه‌یان پێده‌رێت، له‌ رێگه‌ی پلاتفۆرمی "مەقام"یشه‌وه‌ ده‌توانن هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ کۆمپانیا و دەزگا گەشتیارییه‌ پەسەندکراوه‌كان بكه‌ن، بۆ زیاره‌تی مه‌دینه‌ و ئه‌نجامدانی عومره‌.