هێرشبەرەکەی سەلمان رووشدی کێیە؟

تەمەنی 24 ساڵە و بەرەگەز لوبنانییە
وێنەی سەلمان رووشدی و ساتی دەستگیرکردنی هادی مەتەر
وێنەی سەلمان رووشدی و ساتی دەستگیرکردنی هادی مەتەر

K24 - هەولێر:

هادی مەتەر (24 ساڵ)، ئەو کەسەی هێرشیکردە سەر سەلمان رووشدی، دانیشتووی شاری فێرفیڵدی ویلایەتی نیوجێرسی ئەمەریکایە و بە رەگەز لوبنانییە.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، دایک و باوکی هادی مەتەر خەڵکی گوندی یۆرنن لە لوبنان، بەڵام خۆی لە ئەمەریکا لەدایکبووە و گەورە بووە.

هادی مەتەر، دوێنێ هەینی 13ـی ئاب، لە پەیمانگایەکی نیویۆرک هێرشیکردە سەر سەلمان رووشدی، نووسەری کتێبی ئایەتە شەیتانییەکان، لە ئاکامدا نووسەرەکە بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانە، هادی مەتەریش راستەوخۆ دوای هێرشەکە دەستگیرکرا.

داواکاری گشتی سەبارەت بە چارەنووسی هێرشبەرەکە رایگەیاند، هادی مەتەر بە "هەوڵی کوشتن و دەستدرێژیکردن" تۆمەتبار دەکرێت. ئاماژەی بەوەشدا لەلایەن پۆلیسی ئێف بی ئایەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان

هێرشەکە شەپۆلێك سەرکۆنەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و کۆشکی سپیش بە "کردەوەیەکی توندوتیژی ترسناک"ی وەسفکرد.

گۆڤاری تەنزئامێزی فەرەنسی "شارلی ئیبدۆ" کە له‌ (7ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2015) دوو برا، له‌ تۆڵه‌ی بڵاوکردنەوەی 12 وێنەی کاریکاتێر لەسەر پێغەمبەری ئیسلام، هێرشیانكرده‌سه‌ر گۆڤاره‌كه‌ و (12) كه‌سیان له‌ كاریكاتێریست و كارمه‌ندانی گۆڤاره‌كه‌ كوشت، رایگەیاند، "هیچ شتێك نابێتە پاساو بۆ ئەو فەتوایە، هیچ شتێك نابێتە پاساو بۆ سزای لەسێدارەدان".

بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئیدانەی هێرشەکەی کرد و جەختیکردەوە لەوەی "توندوتیژی لە هیچ حاڵەتێکدا ناتوانێت وەڵامێک بێت بۆ قسەکردن".

جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لەلای خۆیەوە هێرشەکەی ئیدانەکرد و رایگەیاند، هێرشێکی ترسنۆکانە بۆ سەر ئازادی رادەربڕین.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشەکە، ژمارەیەکی زۆر لە کتێبی ئایەتە شەیتانییەکان لەرێگەی وێبسایتەکانەوە فرۆشرا.