"نەبوونی بودجە لە عێراق مەترسیدارە"

ئەمساڵ عێراق بودجەی نییە
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 – هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پەسەند نەکردنی بودجە لە عێراق مەترسیدارە و کێشەی گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بە تایبەت بۆ ساڵی داهاتوو، هەروەها نەبوونی بودجە کێشەیەکی گەورە بۆ ئابووری عێراق دروست دەکات. بەگوێرەی یاسای کارگێڕی دارایی بۆ ساڵێک کاری پێدەکرێت، ئێستاش بەهۆی ئاڵۆزی عێراق و دانەنیشتنی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکومەت، داهاتووی عێراق روون نییە کە ساڵی داهاتوو بە گوێرەی چ یاسایەک مامەڵە لەگەڵ بودجە دەکات.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "نەبوونی بودجە کێشەیەکی دیکەی ئابوورییە بۆ عێراق، یاسای بودجە نووسراوە بۆ ساڵێک، بەڵام تائێستا حکومەت پێکنەهێنراوە و هەموومان دەزانین کێشەی سیاسیی لە عێراق هەیە، دۆخی ئێستای سیاسیی عێراق ئاڵۆزە".

روونیکردەوە: "ساڵانە لە مانگی 10 پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان دەکرێت، بەڵام ئێستا کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق هەڵواسراون، خۆپیشاندانی لایەنەکان هەیە، هەروەها باسی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت، هەموو ئەو بابەتانە وایانکردووە بودجە نێتە پەرلەمان".

ڤیان سەبری، راشیگەیاند: "بەگوێرەی یاسای کارگێڕی دارایی بودجە بۆ ساڵێک کاری پێدەکرێت، ئەمساڵ عێراق بودجەی نییە نازانین بۆ ساڵی 2023 چۆن دەبێت، بەڵام ئەو بابەتە مەترسیدارە، چونکە کاریگەری دەبێت بۆ سەر هەموو شتەکانی دیکە".