وەزیری سەدر: چوارچێوەی هەماهەنگی هۆکاری لەکارخستنی پەرلەمان بوو

"دوای پێکهێنانی هاوپەیمانی رزگاری نیشتیمانی هەولێر و ئەنبار مووشەک باران کران"
خۆپێشاندەران لە ناو پەرلەمانی عێراق
خۆپێشاندەران لە ناو پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر:

وەزیری سەدر وەڵامی چوارچێوەی هەماهەنگی دەداتەوە و دەڵێت، پێشتر چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی سەپاندنی ئیرادەی خۆی داوە.

ساڵح موحەمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیری سەدر لە وەڵامی داواکارییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، ئەوانەی خۆپیشاندانی چاکسازی ئاشتییانە بە "سەپاندنی ئیرادە" ناودەبەن، دەبێت بزانن کە ئەوە کێیە هەوڵی سەپاندنی ئیرادەی خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا دەدات.

وەزیری سەدر وەك بەڵگەیەك بۆ قسەکانی چەند خاڵێکی خستەڕوو، ئەوانیش:

- دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کە تێیدا چوارچێوەی هەماهەنگی گەورەترین دۆڕاو بوون، لەبەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز مانگرتنیان راگەیاند.

- ئایا لەکارخستنی پەرلەمان لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە سەپاندنی ئیرادە نییە.

- دوای پێکهێنانی هاوپەیمانی رزگاری نیشتیمانی هەولێر و ئەنبار مووشەک باران کران.

- سووتاندنی نەخۆشخانە و وێستگەی کارەبا و سندووقی دەنگدان کە نابێت چاوپۆشیان لێبکرێت.

- کشانەوە لە هەڵبژاردن و دەستلەکارکێشانەوەی 73 پەرلەمانتار و لانی کەم 10 دەستپێشخەری بۆ چارەسەرکردنی ئەوەی کە ئێوە ناوتان ناوە (بنبەستی سیاسی) بەدڵنیاییەوە پەیوەندی بە سەپاندنی ئیرادەوە نییە.

.