بڕیاری دادگا لەبارەی دۆسیەی کوژرانی قادر قادری ئاشکرا دەکرێت

دادگا سزای لە سێدارەدانی بەسەر سێ لە تاوانباراندا سەپاند
قادر قادری
قادر قادری

K24 – هەولێر

پارێزەری دۆسیەی کوژرانی قادر قادری لە هەولێر بڕیاری دادگای خستەڕوو، رایگەیاند: سێ لە تۆمەتباران دادگای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و دوو دیکەشیان سزای بەندکردن بۆ ماوەی پێنج ساڵیان بۆ دراوە، بەڵام لەسەر تانەی ئەوان دادگا بڕیاریداوە ئەوانیش بە ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی سزا بدات.

ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی قادر قادری، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دەستخۆشی لە ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە تۆمەتبارانیان دەستگیرکرد و لە 1/8/2021 لە دادگای 2ی تاوانەکان لە هەولێر سزای بەسەر تۆمەتباراندا سەپاند، سزای سێ لە تۆمەتبارەکان لەسێدارەدان بوو بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، دووی دیکەشیان بەگوێرەی ماددەی 207، بە پێنج ساڵ بەندکردن سزا دران".

گوتیشی: "وەک پارێزەرانی ئەو دۆسیە تانەمان لە بڕیارەکەدا و هەڵوەشێندرایەوە، چونکە ئەو تاوانە تەنها کوشتن نییە، بەڵکو تیرۆرە، بۆیە داوامان کرد بە ماددەی تیرۆر سزا بدرێن، دادگا بڕیاریدا هەردوو تۆمەتبارەکەی دیکەش بەپێی ماددەی 406 لە سزادانی عێراقی سزا بدرێن".

قادر قادری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە مانگی ئاداری ساڵی 2018، کادیر و فەرماندەی پێشمەرگە لە حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)  لە گوندی هەرتەل-ی دۆڵی بالیسانی کوژرا، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان چەند کەسێکیان بە تۆمەتی کوژرانی دەستگیرکرد و رادەستی دادگا کران.