وۆڵ ستریت جۆرناڵ: سندووقەکانی ترەمپ نهێنییەکانی سەرۆکی فەرەنسایان تێدایە

دۆناڵد ترەمپ و ئیمانوێل ماکرۆن
دۆناڵد ترەمپ و ئیمانوێل ماکرۆن

K24 - هەولێر:

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی ئاشکرایکرد، ئەو سندووقانەی لەلایەن پۆلیسی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) لە ماڵەکەی ترەمپ دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڵگەنامەی هەستیاریان لەسەر سەرۆکی فەرەنسا تێدایە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدا، ئەو بەڵگەنامانەی پەیوەندییان بە فەرەنساوە هەیە و لە ماڵەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکادا دەستیان بەسەردا گیراوە، ئەم ناونیشانەیان لەسەر نووسراوە "زانیاری لەسەر سەرۆکی فەرەنسا".

وۆڵ ستریت جۆرناڵ باسی لەوەکرد، پێدەچێت بەڵگەنامەکان پەیوەندییان بە هەر دوو سەرۆکی ئێستای فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی فەرەنساوە هەبێت.

ماوەی سەرۆکایەتییەکەی فرانسوا ئۆلاند هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی سەرۆکایەتی ترەمپ لە سەرەتای ساڵی 2017.

سەبارەت بە جددیەتی ئەو زانیاریانەی لەناو ئەو سندووقانەدا هەن کە لە ماڵی ترەمپ دەستیان بەسەردا گیراوە، نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا رایگەیاند، "زۆر مەترسیدارە".

پەیوەندی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئیمانوێل ماکرۆن بەهۆی هەڵوێستە دژبەیەکەکانیانەوە سەبارەت بە هاوپەیمانێتی ناتۆ، ماوەیەك گرژی تێکەوت.

رۆژی 12ـی ئابی 2022، نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی (FBI) رایگەیاند، "بەڵگەنامەی هەستیار" لە ماڵەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دۆزراوەتەوە و دەستی بەسەرداگیراوە.

ئێف بی ئای، دۆناڵد ترەمپ بە پێشێلکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕی تۆمەتبارکرد و گوتی، بەڵگەنامەی بەرگری هەستیار لە ماڵەکەیدا دۆزراوەتەوە.

نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی راشیگەیاند، لە ماڵی ترەمپ دەستبەسەر 33 سندوقدا گیراوە، کە بەڵگەنامەی زۆر نهێنییان تێدابووە.