میسر.. لانیکەم 41 کەس لە ئاگرەکەی کڵێسای ئەبو سەیفەین گیانیان لەدەستدا

"ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە"
کڵێسای ئەبو سەیفەین
کڵێسای ئەبو سەیفەین

K24 - هەولێر:

ئاگرێك لە کڵێسای ئەبو سەیفەین لە قاهیرەی پایتەختی میسر کەوتەوە و بەهۆیەوە لانیکەم 41 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش برینداربوون.

بە گوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی تەندروستی میسر، ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی ئابی 2022، لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی کڵێسای ئەبو سەیفەین 55 کەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش ئاشکرایکرد، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە و سێ کارمەندی تیمەکانی بەرگری شارستانی لەکاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا برینداربوونە.

لای خۆیەوە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆككۆماری میسر، رایگەیاندووە کە لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەكانی رووداوەكە دەكات، هەروەها سەرجەم دەزگا و دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی دەوڵەتی راسپاردووە، تاوەکو هەموو رێوشوێنێكی پێویست بگرنەبەر بۆ دابینکردنی تەواوی لایەنەکانی چاودێری تەندروستی بۆ بریندارەکان، هەروەها پرسە و سەرخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان کردووە.