سبه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی پێشهاته‌كانی عێراق تاوتوێ ده‌كات

كاكه‌مین نه‌جاڕ: تا ئێستا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نه‌گه‌یشتووینه‌ته‌ رێككه‌وتن

K24 – هه‌ولێر:

بڕیاره‌ سبه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی عێراق كۆ ببێته‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌، كاكه‌مین نه‌جاڕ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، سبه‌ی دووشه‌ممه‌ (15ی ئاب/ ئۆگستی 2022) له‌ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی تاوتوێی دوا رووداو و پێشهات سیاسییه‌كانی عێراق ده‌كه‌ین.

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی و گفتوگۆكانیان له‌ باره‌ی چاره‌سه‌ری پرسه‌كانی جێ ناكۆكی نێوان هه‌ردوولا، كاكه‌مین نه‌جاڕ وتی: وێڕای بوونی كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆ، به‌ڵام تا ئێستا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نه‌گه‌یشتووینه‌ته‌ رێككه‌وتن.

كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ دوای ئه‌و سه‌ردانه‌ی هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌ ئه‌مڕۆ سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆك بارزانی و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك لایه‌نی دیكه‌ی كرد.

هاوكات ئه‌مڕۆ ره‌وتی سه‌در، رۆژی شه‌ممه‌ی سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتووی ده‌ستنیشان كرد، بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانێكی فراوان له‌ به‌غدا.