مەکتەبی سیاسی پارتی دۆخی سیاسی عێراق تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی پارتی کۆدەبێتەوە
ئاڵا و لۆگۆی پارتی و کوردستان
ئاڵا و لۆگۆی پارتی و کوردستان

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی عێراق كۆدەبێتەوە.

كاكه‌مین نه‌جاڕ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە كوردستانیی24ی رایگه‌یاند: ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ (15ی ئاب/ ئۆگستی 2022) له‌ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی تاوتوێی دوا رووداو و پێشهات سیاسییه‌كانی عێراق ده‌كه‌ین.

لەبارەی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی و گفتوگۆكانیان له‌ باره‌ی چاره‌سه‌ری پرسه‌كانی جێناكۆكی نێوان هه‌ردوولا، كاكه‌مین نه‌جاڕ گوتی: وێڕای بوونی كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆ، به‌ڵام تا ئێستا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نه‌گه‌یشتووینه‌ته‌ رێككه‌وتن.

کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی لەکاتێکدایە دۆخی سیاسی عێراق ئاڵۆزتر بووە و لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک، هاوکات خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی دژی یەکتر لە بەغدا بەردەوامە.

پەیوەست بەو پرسە دوێنێ 14/8/2022، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، بیروڕا لەبارەی دوا پێشهاتەکانی عێراق و کۆسپ و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی عێراق، ئاڵوگۆڕ کران. سەرۆک بارزانی و هادی عامری لەو کۆبوونەوەیەدا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە لایەنەکان بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاو بنێن و هەوڵەکانی خۆیان بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سیاسی تەرخان بکەن.

هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان هادی عامری سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لە دانیشتنێکدا دوا رەوشی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا گفتوگۆی لەسەر کرا. مەسرور بارزانی پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی بۆ هەموو جۆرە دانوستان و گفتوگۆیەک دەربڕی کە لە سەر بنەمای یەکترقبوڵکردن و بەهێزکردنی متمانەی نێوان گشت پێکهاتەکانی عێراق بێت. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە پێکهاتەکانی عێراق زۆر بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە کە دەکرێت ببنە بنەمای لەیەکتر نزیکبوونەوە و چارەسەری کێشەکان.