بە هاوبەشی هاوپەیمانان دوو فیرقەی نوێی پێشمەرگە دروست دەکرێن

"ئەم پڕۆسەیە بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرکەوتوویی ئەنجام دەدرێت"

هێزی پێشمەرگە - ئەرشیف
هێزی پێشمەرگە - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

لە کۆبوونەوەی نێوان فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و کۆڵۆنێڵ سۆریا، سەرۆکی تیمی راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆ سەبارەت بە چۆنییەتی درووستکردنی دوو فیرقە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرا.

کۆبوونەوەکە کە رۆژی یەکشەممە 14ی ئابی 2022 بەڕێوەچوو، پرسە سەرەکییەکانی بریتی بوون لە: بابەتی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵکردن لەناو هێزەکاندا، درووستکردنی دوو فیرقە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، پەیوەندیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمە راوێژکارییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان، هاوکاری و کۆمەکە لۆجستییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.

.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانیش ئامادەی کۆبوونەوەکە بووە و تێیدا، تاووتوێی باشترکردنی شێوازی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵکردن لەناو هێزەکانی پێشمەرگە کرا.

هەر لەو کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ سەبارەت بە چۆنییەتی درووستکردنی دوو فیرقە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرا.

.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی ئەرکان خۆشحاڵیی خۆی لەبارەی ئەو هەنگاوانە و باشترکردنی جۆر و شێوەی کۆمەک و هاوکارییە لۆجستییەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە پیشاندا.

فەریق روکن عیسا عوزێر دووپاتیکردەوە، "ئەم جۆرە هاوکارییانە لە باری مەیدانیدا دەبنە هۆکار بۆ بەرزکردنەوەی ئاست و توانای هێزەکانی پێشمەرگە".

سەرۆکی ئەرکان پلانی ساڵانەی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ مەشق و راهێنانەکان باس کرد و رایگەیاند، "بە هاوکاریی تیمی راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئەم پڕۆسەیە بەسەرکەوتوویی ئەنجام دەدرێت".

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرا و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە دژی تیرۆرستان بە گرنگ زانرا.