ئێران سەبارەت بە هێرشەکەی سەر سەلمان رووشدی هاتە دەنگ

"کەس مافی ئەوەی نییە کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار بکات"
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و سەلمان رووشدی
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و سەلمان رووشدی

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە تەواوی رەتی کردەوە، هیچ پەیوەندییەك لەنێوان هێرشبەرەکەی سەلمان رووشدی و حکومەتی وڵاتەکەیدا هەبێت.

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هەفتانەدا رایگەیاند، "بە توندی رەتی دەکەینەوە پەیوەندییمان بە هێرشبەرەکەی (سەلمان رووشدی)ـیەوە هەبێت".

کەنعانی جەختیکردەوە لەوەی، "کەس مافی ئەوەی نییە کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار بکات".

ئەم لێدوانەی کەنعانی یەکەم کاردانەوەی حکومەتی ئێرانە لەدوای هێرشەکەی سەر سەلمان رووشدی.

رۆژی هەینی 12ـی ئابی 2022، سەلمان روشدی، نووسەری کتێبی ئایەتە شەیتانییەکان، لە پەیمانگایەکی نیویۆرک لەلایەن کەسێکەوە بەناوی (هادی مەتەر) هێرشیکرایە سەر و لە ئاکامدا، بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانە.

ئایەتە شەیتانییەکان، یەکێکە لە رۆمانەکانی نووسەر و رۆماننووسی ناوداری (هیندی- بەریتانی) سەلمان روشدی تەمەن 75 ساڵ، کە لە 26ـی ئەیلولی 1988 لە لەندەن بڵاوکراوەتەوە.

پاش ساڵێک لە دەرچوونی ئەم کتێبە، ئایەتوڵڵا خومەینی، رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، بە دەرکردنی فەتوایەك خوێنی سەلمان روشدی حەڵاڵ کرد.

بەهۆی ئەم کتێبەوە موسڵمانان سەلمان روشدی بە سووکایەتیکردن بە ئایینی ئیسلام و قورئانی پیرۆز تۆمەتبار دەکەن.