رەوتی سەدر بە 14 خاڵ وەڵامی رکابەرەکانی دەداتەوە

رەوتی سەدر رکابەرەکانی بە "کوتلەی درۆزنەکان" ناودەبات
لایەنگرانی موقتەدا سەدر، وێنە: AFP
لایەنگرانی موقتەدا سەدر، وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

ساڵح محەمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر بە 14 خاڵ وەڵامی رکابەرەکانی دەداتەوە و دەڵێت، 73 پەرلەمانتارمان لە ئەنجوومەنی نوێنەران کشاندەوە بۆئەوەی بە گەندەڵییەکانی ئێوە رازی نەبین.

وەزیری سەدر رایگەیاند، "ئێمە پێشتر بەشداریمان لە پرۆسەی سیاسیدا کردووە، بەڵام لەگەڵ ئێوە سوودی نەبوو، چونکە سوورن لەسەر گەندەڵی".

ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە لە پرۆسەی سیاسیدا بووین، بەڵام بەهۆی ئەم خاڵانەوە بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆناگرین:

1. بە رێککەوتنی ئەمنی شەرمەزارکەر رازی نەبووین.

2. رووبەڕووی داگیرکەربووینەوە کە هۆکاری گەندەڵی ئێوە بوو.

3. ئێمە لەو کاتەدا بەشداریمان لە ئەنجومەنی حوکمڕانی نەکرد، سەرەڕای ئەوەی ئێوە سووربوون کە بەشداریبکەین.

4. بەهۆی گەندەڵییەوە شەش وەزیرمان کشاندەوە.

5. لێپێچینەوەمان لەگەڵ گەندەڵکارانی خۆمان و ئەوانەشی گومانمان لێیان هەبوو کرد، بەڵام ئێوە ئەوەتان رەت کردەوە و گەندەڵکارەکانیش چوونە بەرەی ئێوەوە.

6. "کوتلەی درۆزنەکان".. روونترین بەڵگە کە ئێمە بەرەنگاری گەندەڵی بووینەوە، ئەوەیە کە ئێوە لە رەوتەکە دەرکرابوون.

7. دانووستانمان لەگەڵ داگیرکەر نەکرد تا لە زیندان بێینە دەرەوە، وەك ئەوەی ئێوە کردتان.

8. کاتێك فیتنە و ناکۆکیتان لەنێوان ئێمە و خۆتاندا ورووژاند، رێبەرمان پەلەی کرد بۆ دامرکاندنەوەی.

9. پاشکۆیەتیی گەورەترین هۆکاری گەندەڵییە، گەورەکەشتان دەڵێت، "پاشکۆیەتیی ئێمە نهێنی سەرکەوتنمانە".

10. دەستدرێژیمان نەکردە سەر پاڵاوگەی بێجی.

11. گەورەکەتان گوتی "ئەگەر لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران بکرێت، زیندانەکان پڕدەبن" ئەمەش بەو مانایە دێت کە نابێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

12. وازمان لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن هێنا.

13. 73 پەرلەمانتارمان لە ئەنجوومەنی نوێنەران کشاندەوە چونکە بە گەندەڵییەکانی ئێوە رازی نەبین.

14. ئەندامانی حەشدی شەعبی بۆ مەرامەکانی خۆتان بەکاردەهێنن، ئێمەش دەمانەوێت خوێن و ناوبانگیان بپارێزین.

.