نوێنەری مهاباد رەخنەی توند لە سەرۆک کۆماری ئێران دەگرێت
K24 – هەولێر
جەلال مەحمودزادە، نوێنەری مهاباد لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی ئێران، دووپاتی کردووەتەوە کە نزیکەی 70٪ـی دروشم و بەڵێنەکانی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، "جێبەجێنەکراون و تەنانەت پێچەوانەش بوونەتەوە".
نوێنەری مهاباد لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی "ئیلنا"ی ئەو وڵاتەی راگەیاندووە، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و ناساندنی کابینەکەی، کۆمەڵێک بەڵێن و دروشمی دا، بەڵام 70٪ـیان جێبەجێنەکراون و تەنانەت پێچەوانەش بوونەتەوە.
جەلال مەحمودزادە، لەبارەی ئابووریی ئێران و هەڵاوسان لە وڵاتەدا، رایگەیاند: بڕیاربوو نرخەکان لە نرخەکانی ساڵی رابردوو زیاتر بەرز نەبێتەوە، بڕیاربوو نرخی دەرمان زیاتر نەبێت، رێژەی هەڵاوسان کەم ببێتەوە و ساڵانە ملیۆنێک هەلی کار رابگەیەندرێت و ملیۆنێک یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکرێت، بەڵام ئەمانە هیچیان جێبەجێنەکران.
مەحمودزادە، لەبارەی پەیوەندی نێوان مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و حکومەت، ئاماژەی بە پەیامی پشت ئەو کارتە زەردانەدا کە بە حکومەت دراوە.
ئەو گوتی: ئەو کارتە زەردانەی لەلایەن مەجلیسەوە بە وەزیرەکان دەدرێت، پەیامی خۆیان هەیە و دووپات لەوە دەکاتەوە کە حکومەت، بەرنامەکانی مەجلیسی جێبەجێ نەکردووە و پەیوەندی نێوان ئەو دوو دامەرزاوەیە رۆژبەرۆژ لاوازتر دەبێت.