ئێران وەڵامی یەکێتی ئەوروپای دایەوە

تاران "پێشنیاری قورسی" لەبارەی هەڵگرتنی گەمارۆکان، ئاراستەی ئەوروپییەکان کردووە

K24 - هەولێر

کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامی کۆتاپێشنیاری یەکێتی ئەوروپای لەبارەی زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی، داوەتەوە. "نیگەرانی" ئێران لەبارەی چەند پرسێکەوە، لە ناو وەڵامەکەدا هەیە.

تا ئێستا وردەکاریی وەڵامەکەی ئێران ئاشکرانەبووە، بەڵام ئاژانسی دەنگوباسی بی بی سی، بڵاویکردووەتەوە "بە پێی زانیاریی ئەو کەسانەی شارەزای وەڵامەکانی ئێرانن، رەنگە تاران بەشێک لەو پێشنیارانەی قبووڵ کردبێت.

لۆرا رۆزن، رۆژنامەنووسی ئەمەریکایی کە بەتایبەت رووماڵی گۆڕانکارییەکانی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران دەکات، لە تویتێکدا نووسیویەتی، "بەرپرسێکی ئەوروپایی دووپاتیکردووەتەوە کە وەڵامی ئێران بۆ پێشنیارەکان، وەرگیراوە".

ئەو رۆژنامەنووسە لە تویتێکدا لەسەر زاری بەرپرسێکی یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاندووە "ئێران تەنیا کاردانەوەی بەرامبەر بە هەڵگرتنی گەمارۆکان هەبووە، ئەمەش رەنگە بەو مانایە بێت کە لاری لە پێشنیارەکانی دیکە نییە. هەڵبەت ئەوان پێشنیاری قورسیان لەبارەی هەڵگرتنی گەمارۆکان هەیە". لۆرا رۆزن، ئاماژەی بە ناوی سەرچاوەکەی نەکردووە.

لە لایەکی دیکەوە، محەمەد مەرەندی، یەک لە راوێژکارانی تیمی دانوستانکاری ئێرانی بە "جەزیرە"ی راگەیاندووە "نزیکین لە رێککەوتن".

محەمەد مەرەندی، لە تویتێکیشدا نووسیویەتی، "نیگەرانی ئێران لەبارەی چەند پرسێکەوە لە ناو وەڵامەکەدا هاتووە، هەڵبەت رۆژئاواییەکان دەتوانن ئەوە چارە بکەن. نزیکین لە رێککەوتن، بەڵام تا کێشەکان چارە نەکرێن، کارەکە تەواو نابێت".