كازمی سه‌ركرده‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان بانگهێشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نیشتمانی ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراقی ئیتیحادیی له به‌یاننامه‌یه‌كدا، بانگهێشتی سه‌ركرده‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ی له بینای حكومه‌ت به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نیشتمانی بكه‌ن.
ئه‌م داوایه‌ی كازمی، له دوو توێی ئه‌و به‌یاننامه‌یه هاتووه، كه ئه‌مڕۆ دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌ریكردووه.
له به‌یاننامه‌كه‌دا، كازمی رایگه‌یاندووه، "له سۆنگه‌ی به‌رپرسیارێتی هاوبه‌شی نیشتمانییه‌وه، كه هه‌مووان له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی یه‌كڕیزی، سه‌قامگیری و ئاسایشی عێراق كۆده‌كاته‌وه، بانگه‌واز له برایانی سه‌ركرده‌ی هێزه سیاسییه نیشتمانییه‌كان ده‌كه‌م، به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نیشتمانی بكه‌ن، كه سبه‌ی چوارشه‌ممه له بینای حكومه‌ت به‌ڕێوه ده‌چێت.
روونیشیكردووه‌ته‌وه، ئامانجی سه‌ره‌كی له كۆبوونه‌وه‌كه، ده‌ستپێكردنی گفتوگۆیه‌كی نیشتمانی جددی و بیركردنه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شه له پێناو دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسی ئێستای عێراق و هێوركردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و ره‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی گونجاوه بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری سیاسی و ده‌ستووریی، به جۆرێك له ئاستی خواسته‌كانی گه‌لانی عێراقدا بێت.
هه‌ر له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا، كازمی، داوای له هه‌موو لایه‌نه نیشتمانییه‌كان كردووه، گرژییه‌كانیان له ئاستیی میللی و میدیایی خاو بكه‌نه‌وه. ده‌رفه‌تی گونجاو بده‌ن بۆ خستنه‌ڕووی روانگه و چاره‌سه‌ری مامناوه‌ند.
له كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌شدا، هاتووه: دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌زگا ئه‌منیی و سه‌ربازییه‌كان، نابنه لایه‌ندار له هیچ ناكۆكییه‌كی سیاسیی‌دا و سرنجی زۆرمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه رێگه نه‌ده‌ین، ئه‌و ناكۆكییه سیاسییه‌كان لێكه‌وته و كاریگه‌ری نه‌رێنیان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و ئاسایشی هاووڵاتیان هه‌بێت. داواشمان له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و ده‌سته‌بژێری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری ئه‌وه‌یه، به‌شدار بن له قووڵكردنه‌وه‌ی گیانی نیشتمانی و خۆیان له هه‌راسانكردنی خه‌ڵك به دوور بگرن.