لویجی كۆڵینا 3 مانگه‌ وانه‌ به‌ ناوبژیوانه‌كانی مۆندیالی 2022 ده‌ڵێته‌وه‌

لویجی کۆلینا سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی فیفا
لویجی کۆلینا سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی فیفا

فێدراسیۆنی تۆپی پێ جیهان فیفا بۆ ماوەی نزیکەی سێ مانگ سیمیناری جیاوازی بۆ سەرجەم ناوبژیوانە بانگهێشتکراوەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر رێکخست، سمینارەکانیش لە سێ کیشوەری ئەمریکای باشوور و ئەوروپا و ئاسیا بەڕێوەچوون و لەلایەن لویجی کۆلینا سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی فیفا چاودێری کرا.

کەمتر لە چوار مانگ بۆ دەستپێکردنی مۆندیالی 2022ـی قەتەر ماوە، فێدراسیۆنی جیهانی تۆپی پێ فیفا سێ سمیناری مەشق و راهێنانی لە نێوان رۆژانی ـ31ی ئادار تاوەکو 22ـی مانگی حوزەیران بۆ سەرجەم ناوبژیوانەکانی کە یارییەکانی مۆندیال بەڕێوەدەبن رێکخست.

فیفا بە گشتی 36 ناوبژیوانی ناوەڕاست و 69 ناوبژیوانی سەر هێڵ و هەروەها 24 ناوبژیوانی سیستەمی ڤاری بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر لە شەش کیشوەری جیهان بانگهێشتکردووە و تاوەکو دەستپێکردنی جامی جیهانی، ئەوان ناوە ناوە راهێنان بە ناوبژیوانەکان دەکەن و لە یاسا نوێیەکانیش ئاگاداریان دەکەنەوە.

ئەم سێ سمینارە لە سێ کیشوەری جیاواز بەڕێوەچوو، لە ئەمریکای باکوور و باشوور و کاریبی پاراگوای دەستنێشانکراوە، لە ئەوروپاش شاری مەدریدی ئیسپانیا و هەروەها لە کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقیا و ئۆقیانۆسیش وڵاتی قه‌ته‌ر بۆ بەڕێوەچوونی سمینارەکان دەستنیشانکران.

 لویجی کۆلینا سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان لە فیفا و هەروەها ماسیمۆ بوساکا بەڕیوەبەری ناوبژیوانان لە فیفا سەرپەرشتی سمینارەکان بوون و لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی سەرجەم ناوبژیوانە بانگهێشتکراوەکانی مۆندیالی 2022ی قەتەرن.

ڤاکوندو تێل، ناوبژیوانی ئارجێنتیایی له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: ئەو رۆژانەی کە بەرپرسانی فیفا بۆ بەڕێوەچوونی سمینارەکان هەڵیان بژاردووە، رۆژانی زۆر خۆش بوون و هەستێکی جیاوازم هەبوو، هەروەها وەکو شانازییەک بوو، نەک تەنیا بۆ من، بەڵکو بۆ تەواوی خزم و دۆستان و ئەندامانی تیپەکە''.

کارین دیاز خانمه‌ ناوبژیوانی مەکسیکی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ زۆر دڵخۆش بووه‌ كه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یارییه‌كانی مۆندیال دیاریكراوه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: '' زۆر دڵخۆشم چونکە دوو وشە کە ڕاستەوخۆ دێنە مێشکم بریتین لە بەرپرسیارێتی و نەرمی، من بەرپرسیارێتی و نەرمیم هەیە و دەمەوێت بۆ ئەو کەسانە بسەلمێنم کە ئەم دەرفەتەیان پێداین و سوپاسیان بکەم، وە دەمەوێت سوپاسیان بکەم نەک لەبەر ئەوەی ئەمە یەکەمجارە، بەڵکو لەبەر ئەوەی زۆرێک لە خانمان لەگەڵمان بوون، چونکە هەموو ژنێک لە تیمەکەمان شایستەی  ئەوەیە یەکەم چانسی پێبدرێت ."

ئەم سیمینارانە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوون، هەموو ڕۆژێک وانەی تیۆری و پراکتیکی ده‌گوترایه‌وه‌، بە ئامانجی پێشبینیکردن و ئامادەکاری بۆ ئەو دۆخە جیاوازانەی کە لەوانەیە لە یارییەکان ڕوو بدەن، بۆ ئەوەی ناوبژیوانان بە تەواوی ئامادەبن بۆ وەرگرتنی بڕیاردان سەبارەت بەم بارودۆخانە.

كارین دیاز خانمه‌ ناوبژیوانی مه‌كسیكی
كارین دیاز خانمه‌ ناوبژیوانی مه‌كسیكی