گرافیک.. 76 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی تێدەپەڕێت

پارتی 13 کۆنگرەی بەستووە
بڕیارە ئەمساڵ کۆنگرەی 14 دەبەستێت
بڕیارە ئەمساڵ کۆنگرەی 14 دەبەستێت

K24 – هەولێر

پارتی دیموکراتی کوردستان لە 16ـی ئابی 1946 بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانی دامەزراوە، ئەوکات ناوی پارتی دیموکراتی کورد بوو، دواتر لە کۆنگرەی سێیەم کە لە کەرکووک بەڕێوەچوو، ناوەکەی گۆڕدرا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان.

پارتی لە ماوەی 76 ساڵی خەباتی خاوەنی چەندین دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانییە، پارتی لە ساڵی 1961 بە رابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی شۆڕشی ئەیلوولی هەڵگیرساند، کە شۆرشێکی سەرتاسەری بوو لە کوردستان، پارتی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد رووبەڕووی رژێمی ئەوکاتی عێراق بووەوە، کە چەندین دەستکەوتی هەبوو وەک رێککەوتنی 11ـی ئادارـی 1970ـی نێوان کورد و بەغدا، بۆ یەکەمجار دان بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد نرا، لە چوارچێوەی عێراقدا کۆمەڵێک ماف بۆ کورد دەستەبەرکرا.

دوای ئەوەی کورد خۆی رێکخستەوە رژێمی بەعس کەوتە جمووجۆڵ، بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە لەبارببات، لە ساڵی 1975 رێککەوتنی جەزائیری لەگەڵ شای ئێران واژووکرد، رێککەوتنەکە دەسەڵاتی بە ئێران دا سنوورەکانی لەگەڵ عێراق رێکبخاتەوە، ئەمەش وایکرد هاوکارییەکانی ئێران بۆ کورد کۆتاییهات و شکستی بە شۆڕشی ئەیلوول هێنا.

یەکێک لە رووداوە کاریگەرەکان لە مێژووی پارتیدا، کۆچی دوایی مەلا مەستەفا بارزانی بوو لە ساڵی 1979، کە ئەوکات سەرۆکی پارتی و رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد بوو.

پارتی لە سەرەتایی دامەزراندنییەوە 13 کۆنگرەی بەستووە و بڕیارە ئەمساڵیش کۆنگرەی 14 ببەستێت.