هاودامەزرێنەری دراوێكی دیجیتاڵی دان بەوەدا دەنێت کە هەڵەبووە

وەبەرهێنەرانی ئەو دراوە نزیکەی 40 ملیار دۆلاریان لەدەستداوە
بیتکۆین و تێرا-کۆین
بیتکۆین و تێرا-کۆین

K24 - هەولێر:

هاودامەزرێنەری دراوی دیجیتاڵی (تێرا)، ئەو دراوەی مانگی ئایار، داڕما و وەبەرهێنەرەکانی نزیکەی 40 ملیار دۆلاریان لەدەستدا، دان بەوەدا دەنێت کە هەڵەبووە.

دۆ کوان(31 ساڵ)، هاودامەزرێنی دراوی تێرا کە هاووڵاتیەکی کۆریای باشوورە، لە یەکەم لێدوانیدا سەبارەت بە داڕمانی دراوەکەیان، گوتی: ئەوەی روویدا داڕمانێکی بێبەزەییانە بوو، باشترین شتێک کە بیکەم ئەوەیە لەبارەی هەموو ئەو شتانەی روویانداوە راستگۆبم، من دان بەوەدا دەنێم کە هەڵەبووم.

دۆ کوان (31 ساڵ)
دۆ کوان (31 ساڵ)

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، زۆرێک لە وەبەرهێنەرانی دراوەکە پاشەکەوتی ژیانیان لەدەستداوە. کاتێک هەردوو دراوی دیجیتاڵی (لونا، تێرا) داڕمان و بەهاکەیان نزیکی سفر بوویەوە، دەسەڵاتدارانی کۆریای باشوور چەندین لێکۆڵینەوەی تاوانکارییان بۆ دابەزینی بەهای ئەم دراوانە کردووە.

مانگی رابردوو، بە فەرمانی نووسینگەی داواکاری گشتی کۆریای باشوور، پۆلیس و لێکۆڵەران هەڵیانکووتایە سەر ماڵی دانیێڵ شین، هاودامەزرێنەری تێرا-کۆین، ئەمەش بەتۆمەتی تێوەگلان لە چالاکیی نایاسایی کە هۆکاری داڕمانی دراوەکەیان بووە.

دامەزرێنەر و کارمەندانی دراوی تێرا لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆریای باشوورەوە قەدەغەی گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات لێکراوە، هەروەها داوا لە دۆ کوان کراوە لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ناوخۆی وڵاتەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکاتەوە.

دۆ کوان کە ئێستا لە دەرەوەی ئەو وڵاتە دەژیت، لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوە کرد، لەلایەن نووسینگەی داواکاری گشتییەوە پەیوەندی پێوەنەکراوە، گوتیشی: هێشتا بڕیاری گەڕانەوەم بۆ کۆریای باشوور نەداوە، ئەوە بڕیارێکی قورسە، لەبەرئەوەی لەگەڵ لێکۆڵەرانی کەیسەکە کۆنەبوومەتەوە، تا ئێستا بە هیچ شتێك تۆمەتباریان نەکردووم.

لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا، جگە لە گرانبوونی نرخی خۆراک و وزە و پێداویستییەکانی دیکە، چەندین گورزی کوشندە بەر دراوە دیجیتاڵییەکان کەوتووە و لەو نێوەندەدا، دراوی بیتکۆین کە بە گەورەترین دراوی دیجیتاڵی دادەنرێت، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2020ـەوە بۆ ئاستی ژێر 20 هەزار دۆلار دابەزی، ئەمە لەکاتێکدا لە 10ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بیتکۆین گەیشتە بەرزترین ئاستی، کە 68 هەزار و991 دۆلار بوو، بەڵام دوای ئەوە سێ لەسەر چواری بەهاکەی لەدەستدا.