ئەنجوومەنی وەزیران چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات

ئەنجامی سەردانی شاندی سەربازیی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تاوتوێ دەکرێت
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، وێنەی ئەرشیفی
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، وێنەی ئەرشیفی

K24 – هەولێر

ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بابەتی خانەنشینی پلە تایبەت و پلە باڵاکان، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و سەردانی شاندی سەربازیی کوردستان بۆ بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تاوتوێ دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە (17ی ئابی 2022) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجام دەدات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی کردووەتەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا "پوختەی راپۆرتی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە دۆخی خزمەتگوزاری دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان، چەند پێشنیارێکی تایبەت بە جێبەجێكردنی بابەتی خانەنشینی پلە تایبەت و پلە باڵاکان لە یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020، سەردانی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بۆ وڵاتی ئەرمینیا و سەردانی شاندی سەربازیی کوردستان بۆ بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دەخرێنەڕوو. "

هەروەها دەرئەنجامی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بەغدا لە ڕۆژی 23ی تەمموزی 2022 و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، دەخرێنەڕوو.

خستنەڕووی راپۆرتێک سەبارەت بە داوا ناڕەواکانی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لە بەرامبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان و رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت.