تاڵیبان گەورەترین فەرماندەی شیعەکانی کوشت

لە کاتی راکردن بۆ ئێران، کوژراوە
فەرماندە مەهدی، ناسراو بە مەولەوی مەهدی
فەرماندە مەهدی، ناسراو بە مەولەوی مەهدی

K24 – هەولێر

وەزارەتی بەرگریی تاڵیبان رایگەیاند، گەورەترین فەرماندەی شیعەکانی لە کاتی راکردن بۆ ناوچە سنوورییەکانی ئێران، کوشتووە.

عینایەتوڵا خارەزمی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تاڵیبان، ئەمڕۆ (چوارشەممە 17ی ئاب) ئاشکرای کرد کە هێزەکانی پاراستنی سنوور، تەقەیان لە مەولەوی مەهدی، فەرماندەی شیعەکانی هەزارە کردووە و لە ئەنجامدا، کوژراوە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تاڵیبان، مەولەوی مەهدی وەک "سەرکردەی چەتەکان" ناوهیناوە و گوتوویەتی: ئەو لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ویلایەتی هەرات و ئێران بنیراوە و دواتر لەلایەن هێزەکانی پاراستنی سنوورەوە کوژراوە.

فەرماندە مەهدی، ناسراو بە مەولەوی مەهدی، تەنها فەرماندەی ناسراوی شیعە و هەزارە بوو کە لە دەیەی رابردوودا لە ناو ریزەکانی تاڵیباندا بووە.

مەولەوی مەهدی، دوای بەدەستەوەگرتنی دەستەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە، بوو بە بەڕێوەبەری ئاسایشی "بامیان"، بەڵام دواتر لەسەر کار لادرا.

ئەو فەرماندە شیعەیە، فەرمانێکی تاڵیبانی بۆ چوونی بۆ کابول رەتکردەوە. ئەو، دواتر چوو بۆ "بەلخاب"ی زێدی خۆی و داوای مافی هەزارە و شیعەکانی لە ناو حکومەتی تاڵیباندا کرد.