دانیشتووانی پایتەختی ئابووری عێراق ناوچەکانیان جێدەهێڵن

لە 30 ملیۆن دارخورما كەمتر لە سێ ملیۆنی ماوە

K24 - بەسرە

وشكەساڵی و نەبوونی ئاوی خواردنەوە لە بەسرە، ژیانی خەڵكەكەی خستووەتە مەترسییەوە و داهاتوویەكی نادیار چاوەڕێیان دەكات، بەوهۆیەوە كۆچی بە كۆمەڵی خەڵك دەستیپێكردووە.

لە بەسرە تا بەرەو باشوور بڕۆیت زیاتر گەرم دەبێت و شوێنەواری وشكەساڵی زیاتر بەدیدەكرێت، پێشتر بە درێژایی دەیان كیلۆمەتر و تا دوا سنووری عێراق سەوزایی و باخی خورمابوو، بەڵام ئێستا پێچەوانەیە. ئەو شارە کە نیشتمانی دارخورماكان ناسرابوو، ئێستا رۆژ بە رۆژ ژمارەیان كەمتر دەبێتەوە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا گۆڕانكاری گەورەو مەترسیدار روویداوە، تەنیا لە بەسرە لە 30 ملیۆن دارخورما كەمتر لە سێ ملیۆنی ماوە.

هادی حوسێن، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی بەسرە بە کوردستان24ی راگەیاند: "كەرتی كشتوكاڵ لە بەسرە رووبەڕووی كێشە و ئاستەنگی زۆر بووەتەوە، لەوانە كەمی ئاو و كەمبارانی و وشكبوونی ئەهوارەكان و پشتگوێخسینی لەلایەن حكومەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربوونی رێژەی خوێ لە ئاودا وایكردووە رووبەرێكی زۆری زەوی خراوەتە دەرەوەی پلانی كشتوكاڵی بەتایبەت لە قەزای فاو و ئیبن خەسیب و سیبە".

لە شارەدێی سیبەی سەر بە قەزای فاو، وشكەساڵی و بەرزی رێژەی خوێ لە ئاوی شەتولعەرەب خەڵكەكەی ناچار بە كۆچكردووە. رۆژانە كەشتییەكانی ئێران لە ئاوی شەتولعەرەب هاتووچۆ دەكەن، كە بەپێی رێككەوتننامەی جەزائیری ساڵی 1975 نیوەی بەو وڵاتە دراوە، نەوت تێكەڵی ئاوەكە بووە، رێژەی خوێ تێیدا زۆرە، بۆ كشتوكاڵ و خواردنەوەش نابێت.

هاووڵاتییەکی شارەدێی سیبە کە بۆ کوردستان24 دوا دەڵێت: "پێشتر هەموو شتێكمان دەچاند، بەڵام ئێستا نا، هەموو شتێكمان رۆیشت، باخەكانمان و دارخورماكان، ئاوەكەمان سوێرە و ناتوانین كشتوكاڵ بكەین".

یەکێکی دیکە لە هاووڵاتییانی شارەدێیەکە گوتی: "كێشەكانمان زۆرن بەشێكی زۆری خەڵك كۆچیانكردووە، ئەگەر ئیشمان نەبێت ناچارین بۆ شار یان هەرێمی كوردستان كۆچ بكەین".

بەهۆی دەوڵەمەندی و داهاتی زۆرەوە، لە ساڵی 2017 پەرلەمانی عێراق بەسڕەی وەك پایتەختی ئابووری عێراق ناساند، بەڵام زۆرینەی خەڵكی شارەکە لەژێر هێڵی هەژارین و سوودیان لە داهاتی شارەكەیان نەبینیووە.