تورکیا و ئیسرائیل ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە

"دەستبەرداری دۆزی فەڵەستین نابین"
ئاڵای تورکیا و رووسیا
ئاڵای تورکیا و رووسیا

K24 - هەولێر:

تورکیا و ئیسرائیل پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە و لە یەکەم هەنگاودا باڵیۆز و کونسوڵی گشتی هەردوو وڵات دەستبەکاردەبنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی ئاب، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: بڕیاردرا جارێکی دیکە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی بکرێنەوە، هەروەها باڵیۆز و کونسوڵی گشتی هەردوو وڵات نووسینگەکانی خۆیان لە وڵاتی یەکدی دەکەنەوە.

یائیر لاپید ئاماژەی بەوەشدا، "ئەمە سەرمایەیەکی گرنگە بۆ سەقامگیری ناوچەکە و هەواڵێکی ئابووری زۆر گرنگە بۆ هاووڵاتیانی ئیسرائیل".

لەلای خۆیەوە مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "دەستبەرداری دۆزی فەڵەستین نابین" سەرەڕای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.

لە ئاداری 1949 تورکیا دان بە ئیسرائیلدا دەنێت و بەمەش دەبێتە یەکەم وڵاتی زۆرینە موسڵمان کە دانی بە ئیسرائیلدا نابێت، لە کانوونی دووەمی 1950 نوێنەرایەتیی تورکیا لە ئیسرائیل کرایەوە و پاش 30 ساڵ، لە کانوونی دووەمی 1980 باڵیۆزخانەی تورکیا لە ئیسرائیل کرایەوە.

لە 31ی ئایاری ساڵی 2010دا کاتێك شەش کەشتی ویستیان گەمارۆی سەر کەرتی غەززە بشکێنن، هەشت هاووڵاتیی تورکی و هاووڵاتییەکی (تورکی – ئەمریکی) کوژران. رووداوەکە گرژی و ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو وڵاتی بەتەواوی ورووژاند، تورکیا باڵیۆزی ئیسرائیلیشی لە ئەنقەرە دەرکرد و باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل کشاندەوە.