باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئازربایجان: ئێران هەڕەشەی کوشتنی لێکردووم

جۆرج دیک، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئازربایجان
جۆرج دیک، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئازربایجان

K24- هەولێر

جۆرج دیک، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئازربایجان، ئاشکرای کردووە کە باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئازربایجان، هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە.

باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئازربایجان، لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە لە تویتەری خۆی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: عەباس موسەوی باڵیۆزی ئێران لە ئازربایجان، پێیگوتوومە هێڵی سوورم تێپەڕاندووە، هەر بۆیە بە دەستی خەڵکی ئیران دەکوژرێم.

جۆرج دیک، روو لە بەکاربەران دەڵێت: بێننە پێش چاوی خۆتان کە من تووشی چی بوومە، بەتایبەت کە لەو رۆژانەدا سەلمان رووشدی لە شاری نیویۆرک هێرشی کرایە سەر و بریندار کرا.

ئیمام خومەینی رێبەری پێشووی ئێران، 34 ساڵ لەمەبەر فتوای کوشتنی سەلمان رووشدی، نووسەری کتێبی ئایەتە شەیتانییەکانی دا. رۆژی هەینی رابردوو گەنجێکی بە رەگەز لوبنانی تەمەن 24 ساڵان بە ناوی هادی مەتەر، بە چەقۆ هێرشی کردە سەر رووشدی و برینداری کرد.

باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئازربایجان، لە ڤیدیۆیەکەدا گوتی: ئەو کات ئێران بە سەلمان رووشدی گوت کە هێڵی سووری تێپەڕاندووە. ئەو، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، "تیرۆریزمی ئێران بە جددی وەربگرن".

جۆرج دیک، عەرەبی مەسیحییە و لە کاتی دەستبەکاربوونییەوە وەک باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ئازربایجان، چەندین جار شەڕە قسەیان لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە ئازربایجان کردووە. جۆرج دیک، یەکەم عەرەبی مەسیحییە کە پۆستێکی پاڵای دیپلۆماسی وەرگرتووە.

ئەو، لە ڤیدیۆیەکەدا دەڵێت: ئێرانییەکان هەڕەشەی کوشتنیان لە بێباوەڕان، چالاکان و دژبەرانیان کردووە... هەڕشەی سڕینەوەی ئیسرائیل دەکەن. بڕۆن لە سەلمان رووشدی بپرسن کە مەبەستی ئەوان تەنیا هەڕەشە نییە.

عەباس موسەوی باڵیۆزی ئێران لە باکوی ئازربایجان، لە وەڵامی قسەکانی جۆرج دیکدا گوتی: نمایشی شەیتانانەی رژێمی زایۆنیزمی.

موسەوی، رۆژی سێشەممە لە تویتەر نووسی: هەڵگەڕانەوە لە دین و سووکایەتیکردن بە پێغەمبەری خوا، حوکمی شەرعی هەیە و بێگومان مێشکی تۆ لێی تێناگات. بەڵام پیلان دژی یەکپارچەیی خاکی ئێران، هێڵی سوورە و تۆی منداڵی بزۆز لە دوارۆژکەی تێناگەی، گەورەکانت لێی تێدەگەن.

جۆرج دیک، مانگی پێشوو وێنەیەکی خۆی بڵاو کردەوە کە کتێبێکی بە ناوی "ئەفسانەی سیحراویی تەورێز"ی لەدەستدا بوو و نووسیبووی: ئەو کتێبەم خوێندەوە و زانیاری زۆرم لەبارەی مێژوو و فەرهەنگی تەورێز دەستکەوت.

گوایە جۆرج دیک، بە جۆرێک ئەو پەیامەی نووسیوە کە تەورێزی بە بەشێک لە مێژوو و فەرهەنگی ئازربایجان دەزانێت، نەک ئێران.