بەهۆی زەڕەبینێکەوە لە سلێمانی 100 دۆنم پووش و دارستان سووتا

"ئاگرەکەی گوندەکانی (نۆدێ و بزەینان)ـی سنووری ناحیەی سیتەک لە سلێمانی کۆنترۆڵکراوە"
ئەو زەڕەبینەی بووەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە
ئەو زەڕەبینەی بووەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە

K24 - سلێمانی:

لە دوو گوندی ناحیەی سیتەک لە پارێزگای سلێمانی، 100 دۆنم پووش و دارستان سووتا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگە لە پشکنینەکانیاندا بۆیان دەرکەوتووە، کە (زەڕەبینێک) هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بووە.

لە راگەیەندراوێکیدا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە (18ی ئابی 2022) ئاماژەی بەوەداوە، دواى ئەوەى لە لایەن چەند هاووڵاتیەکى  گوندى (نۆدێ و بزەینان) ئاگادارکرانەوە، کە ئاگرێکى بەرفراوان کەتووەتەوە، دەستبەجێ تیمەکانى بنکەى پۆلیسى دارستانى سیتەک گەیشتنە شوێنى مەبەست و توانیان لە ماوەیەکى کەمدا بەهەماهەنگى لەگەڵ دانیشتووانى گوندەکە، ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

بەگوێرەی داتاکانی پۆلیسی دارستان، بەهۆی ئاگرەکەوە، 100 دۆنم پووش و دارستانی سرووشتی سووتاوە، لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش پۆلیس دەڵێت "دواى گەڕان و پشکنینى شوێنەکە، دەرکەوت (زەڕەبینێک) بووە بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما و هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە بووە".

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، دەستخۆشی لە ئەو هاووڵاتی و گوندنشینە خۆبەخشانە دەکات، کە هاوکاریان بوون لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە و پاراستنی سرووشت و ژینگەی ناوچەکەدا.

پێشتریش لە رۆژی 27ی حوزەیرانی رابردوودا، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێکی فراوان لە سنوری گوندی (کانی سارد)ی ناحیەی سیتەك کەوتەوە و لە ئەنجامدا، شەش دۆنم پووش و رەز و باخی هاووڵاتیان سووتا.