به‌هۆی به‌ئامانجگرتنی مزگه‌وتێك زیاتر لە 20 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا

K24 - هەولێر
له ئه‌نجامی ته‌قینه‌وەیه‌كدا له‌ناو یه‌كێك له مزگه‌وته‌كانی كابوولی پایته‌ختی ئه‌فغانستان، لانیكه‌م 20 كه‌س كوژران و زیاتر له 40 كه‌سی دیکەش برینداربوون.
سه‌رچاوه ئه‌منی و ته‌ندروستییه‌كانی ئه‌فغانستان رایانگه‌یاند، دوێنێ چوارشه‌ممه 17ـی ئابی 2022، ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له مزگه‌وتی (سادقییه)ـی باكووری رۆژهه‌ڵاتی كابوول روویدا، له ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌كه‌دا لانیكه‌م 20 كه‌س كوژراون و زیاتر له 40 كه‌سی دیکەش برینداربوون.
خالید زردان، گوته‌بێژی پۆلیسی كابوول هه‌واڵه‌كه‌ی پشتراستكرده‌وه و رایگه‌یاند، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌وه ده‌یان كه‌س كوژراون. تا ئێستا هیچ لایه‌نێك به فه‌رمی ئه‌نجامدانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی له ئه‌ستوو نه‌گرتووه ، ئاشكرا نه‌بووه، ته‌قینه‌وه‌كه خۆكوژی بووه، یان له‌رێگه‌ی مینی چێندراوه‌وه بووه.
دانیشتووانانی ناوچه‌ی خێرخانه‌ی باكووری رۆژهه‌ڵاتی كابوول كه مزگه‌وته‌كه‌ی لێبووه، به كه‌ناڵی (تۆلو نیوز)ـی ئه‌فغانیان گوت، " گوێمان له ده‌نگێكی زۆر به‌هێز بوو، تووشی دڵه‌راوكێیه‌كی زۆر بووین، زانیمان ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له كابوول روویداوه".
به‌پێی زانیارییه‌كان به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌وه وتاربێژی مزگه‌وته‌كه، ژماره‌یه‌ك مناڵ و ده‌یان هاووڵاتی دیکە لەناو مزگه‌وته‌كه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوە، دۆخی ته‌ندروستی ژماره‌یه‌ك بریندار، كه ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراون، جێگیر نییه.
له‌وه‌ته‌ی تاڵیبان ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌فغانستاندا گرتووه، زیاتر له جارێكه قوتابخانه و مزگه‌وته ئیسلامییه‌كان ده‌كرێنه ئامانج. له 12ـی ئابی ئەمساڵ، قوتابخانه‌یه‌كی ئایینی كرایه ئامانج كه به‌وهۆیه‌وه ده‌یان كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا.