کەشتی نوح لە سلێمانی دەکرێتە پڕۆژەی بازرگانی

رووخاندنی ماڵە کەلەپوورییەکەی نەجمەدین مەلا کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە
دیمەنێکی خانووی ماڵی نەجمەین مەلا لە کاتی رووخاندنی، ئەو خانووە بە "کەشتی نوح" ناسراوە
دیمەنێکی خانووی ماڵی نەجمەین مەلا لە کاتی رووخاندنی، ئەو خانووە بە "کەشتی نوح" ناسراوە

K24 - سلێمانی

سەرۆکی رێکخراوی بووژاندنەوەی کەلەپووری کورد دەڵێت، ماڵی نەجمەین مەلا، کە شوێنەوارێکی مێژوویی بووە رووخێندراوە و بۆ کاری بازرگانی بەکاردەهێندرێت، ئەوەش وێرانکردنی مێژووە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش، داوا دەکات، بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکردنی زەوییەکانی سلێمانی و رووخاندنی خانووە کۆنەکان، بڕیاری لە سێدارەدان بۆ کەسانی کەمتەرخەم لە بەردەرکی سەرا جێبەجێ بکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (18ی ئابی 2022) عیرفان عوسمان، سەرۆکی رێکخراوی بووژاندنەوەی کەلەپووری کورد، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی: "تێکدانی خانووە دێرینەکان و شوێنەوارەکانی سلێمانی، تێکدانی مێژووی خۆمانە، کە پێویست بوو وەک مۆزەخانەیەک سوودی لێ ببیندرێت".

لە سلێمانی 106 خانووی کۆن هەیە، لە کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا 17 خانوویان لەلایەن حکومەتەوە کڕدرانەوە و بوون بە موڵکی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی، بەڵام خانووەکەی نەجمەدین مەلا یەکێک نەبووە لە خانووەکان.

سەرۆکی رێکخراوەکە بە پێویستی دەزانێت، ئەو خانووە کۆنانەی ماون، لەلایەن حکومەتەوە بکڕدرێنەوە و لە بەرامبەردا خاوەنەکانیان قەرەبوو بکرێنەوە، نەک وەک خانووەکەی نەجمەدین مەلا کە بە (کەشتی نوح) ناسراوە و شوێنی فێرکردنی خوێندن و نووسین بووە، بکرێتە پرۆژەی بازرگانی.

جگە لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشێک لە هاووڵاتیان، ناڕەزایەتییان لەبارەی رووخاندنی خانووەکە دەربڕێوە، هەروەها شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەسەر جوڵاندنی هێز بۆ سەر شارەوانییەکان بە مەبەستی رێگریکردن لە داگیرکردنی زەوی و رووخاندنی کەشتییە لە وتارێکیدا نووسیویەتی: "هەروەک چۆن لە حاڵەتی فەرهودکردنی زەوی و زاری سلێمانی و هەروەها تەخشان و پەخشان کردنیدا، تەنیا یەک کەس و یەک لایەن و یەک دەزگا و یەک فەرمانگە تاوانبار نییە، بەڵکو هەموو ئەوانە تاوانبارن کە چاوپۆشی دەکەن و ئەوانەی بەشبەشی ئەکەن ئەوانەی ئەیفرۆشن و ئەوانەشی کە ئەیکرن، لە رووخاندنی خانووە کۆنەکان و گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانیش هەر بەهەمان شێوەیە، بەڵام لە حاڵەتی رووخاندنی خانووە کۆنەکان تاوانباری سەرەکی بەرپرسی شوێنەوارە و دوای ئەویش وەبەرهێنان کە لەوە ناچێت، بەرامبەر بە رووخاندنی هیچ خانوویەکی کۆنی ئەم شارە و کردنی بە مۆڵ و شوێنی بازرگانی لارییان هەبێت".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت: "ئەوەی کە کۆتایی بەم پاشاگەردانییە دەهێنێت، بڕیارێکی جەریئانە و سەپاندنی سزایەکی کوشندانەی وەک لە بەردەرکی سەرا لەسێدارەدانە".

نەجمەدین مەلا کێیە؟

نەجمەدین غەفور عەلی ئیبراھیم، رۆژنامەنووس، نووسەر و مامۆستا لە ساڵی 1898 لە سلێمانی لە خێزانێکی ئایینیدا لەدایکبووە، بڕوانامەی لە زانستە ئاینییەکاندا هەبووە، بەڵام وەک مامۆستای ئایینی کاری نەکردووە و زیاتر بە نووسینی شیعر و چیرۆک و بابەتی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە سەرقاڵ بووە.

بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، نەجمەدین مەلا، لە حوجرەیەکدا، کە دەکەوێتە گەڕەکی سابوونکەران و نزیکە لە بەر دەرکی سەرای شاری سلێمانییەوە، کتێبخانەی کردووەتەوە و رۆژانە وانەی بە فێرخوازان گوتووەتەوە، بۆئەوەی فێری خوێندن و نووسین ببن، شوێنەکەشی ناوناوە (کەشتی نوح)، کە وا لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، کەشتییەک بووە بۆ رزگاربوون لە نەزانین و فێربوونی زانست.

ئەو کەسایەتییەی شاری سلێمانی، لە چەند قۆناغیکی سەختدا ژیاوە و لە ناو حوجرەکەیدا لە مانگی نیسانی 1962 دا گیانی لەدەستداوەو دوای چەند رۆژێک هاووڵاتیان پێیان زانیوە.