دەستپێشخەرییەکەی مستەفا کازمی ئەنجامی پێچەوانەی لێکەوتەوە

رەوتی سەدر داوایکردبوو، تەنیا هادی عامری وەک نوێنەری چوارچێوەی هەماهەنگی لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە بێت 
پێشبینی فراوانبوونی خۆپێشاندانەکانی لایەنگرانی سەدر دەکرێت
پێشبینی فراوانبوونی خۆپێشاندانەکانی لایەنگرانی سەدر دەکرێت

K24 – هەولێر

ئامادەبوونی چەند بەرپرسێکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، موقتەدا سەدری توورە کردووە، هەر بۆیەش کەسانی ئاگادار لە دۆخەکە پێشبینی فراوانبوونی خۆپێشاندانەکان لە رۆژانی داهاتوودا دەکەن.

لایەنە سیاسییەکانی عێراق، رۆژی چوارشەممە (17ی ئاب) وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی، لە دەوری مێزێک کۆبوونەوە. ئەوان لە هەوڵی دامرکاندنی دۆخی شڵەژاوی وڵاتدا بوون، بەڵام کێشەکە ئامادەنەبوونی لایەنی سەرەکیی پرسەکە (رەوتی سەدر) بوو.

ئەسیر شەرع، شرۆڤەکاری سیاسی و کەسایەتی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، لەگەڵ ئاماژەدان بە لێدوانی وەزیرەکەی موقتەدا سەدر لەبارەی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان، پێیوایە دانیشتنەکە ئامانجی خۆی نەپێکاوە و بەپێچەوانەوە "رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا خۆپێشاندانەکان فراوانتر بن".

ساڵح محەمەد عێراقی ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر، رایگەیاندبوو کە کۆبوونەوەی دیالۆگی نیشتیمانی، هیچ شتێکی بۆ خەڵکی عێراق تێدا نەبووە.

وەزیرەکەی سەدر لەوبارەیەوە گوتی: کۆبوونەوەکە تەنیا چەند خاڵێکی تێدا باسکراوە، ئەوانیش نە برسی تێر و پۆشتە دەکەن، نە هیچ شتێکی بۆ خەڵک تێدا بوو.

ئەسیر شەرع بە کوردستان24ی گوت: موقتەدا سەدر کێشەی لەگەڵ هەندێ سەرکردەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە و پێیوایە لەو کۆبوونەوەیەدا هێڵە سوورەکەی بەزێندراوە.

مەبەست لە "هێڵی سوور"، ئامادەبوونی نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممەی لایەنە سیاسییەکانی عێراقە.

رەوتی سەدر داوایکردبوو، لەو کۆبوونەوەیەدا تەنیا هادی عامری وەک نوێنەری چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادە بێت.  

هاوکات باسل کازمی، شرۆڤەکاری سیاسی، دووپات لەوە دەکاتەوە کە هەر کۆبوونەوەیەک رەوتی سەدری تێدا نەبێت، "ئەوا هیچ گفتوگۆیەکی نیشتمانیشی تێدا نابێت".

ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە بە کوردستان24 دەڵێت: دەبێت هەندێ لایەنی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی سازش بکەن، چونکە موقتەدا سەدر ئامادە نییە لەگەڵیاندا دابنیشێت.