ئاوڵه‌ی مه‌یموون له‌ 49 ویلایه‌تی ئه‌مه‌ریكا بڵاوبووه‌ته‌وه‌

ژماره‌ی تووشبووانی ئاوڵه‌ی مه‌یموون له‌ ئه‌مه‌ریكا رووی له‌ هه‌ڵكشانه‌

وه‌رگرتنی ڤاكسین بۆ خۆپارێزی له‌ ئاوڵه‌ی مه‌یموون
وه‌رگرتنی ڤاكسین بۆ خۆپارێزی له‌ ئاوڵه‌ی مه‌یموون

K24 – هه‌ولێر:

سه‌نته‌ری ئه‌مه‌ریكایی بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كان و خۆپارێزی لێیان رایگه‌یاند، تا ئێستا سێزده‌ هه‌زار و پێنج سه‌د كه‌س تووشی ڤایرۆسی ئاوڵه‌ی مه‌یموون بوونه‌.

سه‌نته‌ره‌كه‌، دوێنێ پێنجشه‌ممه‌، به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، له‌ 49 ویلایه‌تی ئه‌مه‌ریكادا ڤایرۆسی ئاوڵه‌ی مه‌یموون ده‌ركه‌وتووه‌.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا، حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا، باری ته‌نگه‌تاوی له‌ بواری ته‌ندرووستیی گشتیی راگه‌یاند.

راگه‌یاندنی ئه‌و باره‌ ته‌نگه‌تاوییه‌ دوای ئه‌وه‌ هات، كه‌ ژماره‌ی تووشبووانی ئاوڵه‌ی مه‌یموون له‌ ئه‌مه‌ریكا روویان له‌ هه‌ڵكشان كرد.

له‌ دوای هه‌ڵكشانی ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانه‌وه‌، لایه‌نه‌ ته‌ندرووستییه‌كان هه‌ڵمه‌تی دابه‌شكردنی ڤاكسینیان خێراتر كرد و ده‌ستیان به‌ دابینكردنی ده‌رمانی پێویست بۆ چاره‌سه‌ر كرد.

ویلایه‌تی نیویۆرك، له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی ویلاته‌كانه‌ له‌ رووی زۆری ژماره‌ی تووشبووانه‌وه‌، به‌ دوایدا ویلایه‌ته‌كانی كالیفۆرنیا و ئیلینوی دێن.

ئاوڵه‌ی مه‌یموون یه‌كه‌مجار له‌ 1958 له‌ تووشبوونی دوو مه‌یموونی باخچه‌یه‌كی ئاژه‌ڵانی تایبه‌ت به‌ توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كانی دانیمارك دۆزرایه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ