سەرمایەدارانی لوبنان داوای قەرزی ساڵانی نەوەدەکان لە عێراق دەکەن

بانكی ناوه‌ندی عێراق
بانكی ناوه‌ندی عێراق

K24 - هەولێر:

بەشێک لە سەرمایەدار و خاوەن کارانی لوبنان، داوا لە عێراق دەکەن قەرز و شایستە هەڵپەسێردراوەکانیان بدەنەوە، کە مێژوویان بۆ ساڵانی نەوەدەکان دەگەڕێتەوە.

ئەو سەرمایەدارانە پێشنیازیان کردووە، لە رێگەی شایستەی هاوردەی سووتەمەنی عێراق، قەرزەکانیان وەربگرنەوە.

ئاماژەیان بەوەشداوە، کە ئەو قەرزانە کێشەی گەورەی دروستکردووە.

ئەنجوومەنی پیاوانی کاری لوبنانی، لە راگەیەندراوێکدا داوا دەکەن، هەردوو حکومەتی لوبنان و عێراق، شایستە و مافی بازرگانان و خاوەن پیشەسازییەکانی لە رێگەی هاوردەی سووتەمەنییەوە لە عێراق وەربگرنەوە، بە تایبەت کە ئێستا لوبنان پێویستی بە پاڵپشتی و هاوکارییە.

ئەو ئەنجوومەنە داوایان لە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی لوبنان کردووە، گرنگی پێویست بە دۆسیەی قەرز و شایستەکانیان بدات، کە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە هەڵپەسێردراوە.

زۆربەی ئەو شایستانە لە بانکی رافیدەین و بانکەکانی دیکەی عێراق هەڵپەسێردراون، جگە لەو وەزارەت و دامەزراوانەی دیکەی عێراق، كه‌ قەرزیان لەسەر ماوەتەوە.