سەرچاوەیەك بۆ کوردستان24: ئەو کەسەی لە دهۆک کوژرا پێشتر چەکداری پەکەکە بووە و وازیهێناوە

زانیاری نوێ لەبارەی کوژراوەکەی ئەمڕۆی دهۆک
کاتی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە
کاتی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە

K24 - دهۆک:

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە شاری دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کەسەی ئەمڕۆ لە دهۆک کوژرا، خەڵکی باکووری کوردستانە و، پێشتر چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان بووە، نزیکەی شەش مانگ دەبێت وازی لەو پارتە هێناوە و چووەتە سلێمانی.

بە گوێرەی زانیارییەکان، دوای ئەوەی چەند جارێك لە شاری سلێمانی هەڕەشەی لێدەکرێت، روودەکاتە پارێزگای دهۆک و داوای مانەوە (ئیقامە) دەکات.

سەرچاوەکەی کوردستان24 ئاشکراشیکرد، لەکاتی داواکردنی مافی مانەوە (محەممەد عەلائەددین) رایگەیاندووە، کە لە تەمەنێکی بچووکدا چەکدارانی پەکەکە هەڵیانخەڵەتاندووە و بردوویانەتە شاخ، دوای وازهێنانیشی روویکردووەتە هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمنی کە بەدواداچوون بۆ کەیسی رووداوەکە و دەستگیرکردنی بکوژەکە دەکات بە کوردستان24ی راگەیاند، کوژراوەکە لە بازاڕی دهۆکەوە سواری تەکسییەك بووە و بکوژەکەش کە ئۆتۆمبێلی پێنەبووە ئەویش بە تەکسییەکی دیکە کەوتووتە دوای.

ئاماژەی بەوەشدا، بکوژەکە لە نزیک (یاریگای برا) لە گەڕەکی ماڵتا لە شاری دهۆک تەقەی لێدەکات و بە سێ گوللـە کوتایی بە ژیانی دەهێنێت و دواتر هەڵدێت.

بەپێی ڤیدیۆی کامێراکانی چاودێری، بکوژەکە بە روونی رووخساری لە کامێراکاندا دەرکەوتووە، بکوژەکە کراسێکی شینی لەبەردایە و دوایی تەقەکردن رادەکات و شوێنەکە جێدەهێڵێت.

سەرچاوە ئەمنیەکە ئاشکراشیکرد، ماڵ بەماڵ دەگەڕێن و کامێراکانیان دەپشکنن بۆ ئەوەی شوێنی تاوانبارەکە ئاشکرابکەن، گوتیشی: تا ئەم کاتە سەیری زیاتر لە 20 کامێرای چاودێرییان کردووە، لە کۆتا دیمەندا، بکوژەکە کراسەکەی دادەکەنێت و فڕێی دەدات.

سەرچاوە ئەمنییەکەی کوردستان24 ئەوەشی راگەیاند، دەروازەکانی چوونە دەرەوەی شار لەبەردەم بکوژەکە داخراون و رێگای دەرچوونی نەماوە، گوتیشی: "پێناچێت بکوژەکە خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت"

دواینوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئابی 2022، لەنێو شاری دهۆک تەقە لە هاووڵاتییەك کرا و لەئاکامدا گیانی لەدەستدا، بەپێی زانیاریەکانی کوردستان24، کوژراوەکە ناوی عەلائەددین نورەددینە و تەمەنی 39 ساڵە و، خەڵکی باکووری کوردستانە.

یەکێک لەو کەسانەی کە شایەتحاڵی رووداوکە بووە، قسەی بۆ کوردستان24 کرد و گوتی: ئەو کەسە بە ئۆتۆمبێلێکی تەکسی گەیشتە ئێرە و بۆ وردکردنەوەی پارە لە تەکسیەکە دابەزی، کاتێك گەڕایەوە بۆ لای تەکسیەکە تا پارەی کرێکەی بدات بە شۆفێرەکە، کەسێك هات و تەقەی لێکرد.

پۆلیسی دهۆکیش لەوبارەیەوە رایگەیاند، بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی دادگای لێکۆڵینەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بکوژەکە دەرچووە.