ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەردانی بنکەی ئەتۆمی زاپۆریژیا دەکەن

"بنەکە ئەتۆمییەکە مەترسی روودانی کارەساتی گەورەی لەسەرە"
وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆکرانیا
وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆکرانیا

K24 - هەولێر:

پوتن رێگە بە تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەدات بە مەبەستی چاودێریکردن سەردانی بنکەی ئەتۆمی زاپۆریژیا بکەن.

سەرۆکایەتی فەرەنسا رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا رەزامەندی خۆی سەبارەت بە سەردانی تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ چاودێریکردنی بنکەی ئەتۆمی ژاپۆریژیا دەربڕی.

پوتن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا بە هاوتا فەرەنسییەکەی راگەیاند، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر بنەکە ئەتۆمییەکە، مەترسی روودانی کارەساتی گەورەی لەسەرە.

بنکەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیا، لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکرا.

رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوام یەکدی بە هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکە تۆمەتبار دەکەن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش نیگەرانن سەبارەت بە بنکە ئەتۆمییەکە.