چوارچێوەى هەماهەنگى دەنگۆی گۆڕینی كاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران رەتدەکاتەوە

"كاندیدكردنی محەمەد شیاع سوودانی، بە رەزامەندی سەرجەم لایەنەكانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی بووە"
کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی - ئەرشیف
کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی - ئەرشیف

K24 - هەولێر

چوارچێوەى هەماهەنگى دەنگۆی گۆڕینی كاندیدەكەیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داھاتووی عێراق رەتدەكاتەوە.

كاتع ركابی، سەركردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "چوارچێوەكەیان ھیچ كەسێكی دیكەی بۆ شوێنگرەوەی محەمەد شیاع سوودانی وەكو كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داھاتووی عێراق پێشكەش نەكردووە".

ئەو سەركردەیەی چوارچێوەی ھەماھەنگی دەنگۆی كاندیدیكردنی سەرۆكی زانكۆیەك یاخود كەسێكی دیکەی بۆ ئەو پۆستە دیكە رەتدەكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، كاندیدكردنی محەمەد شیاع سوودانی، بە رەزامەندی سەرجەم لایەنەكانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی بووە و پێشتر رێككەوتنی لەسەركراوە.

رۆژی 25/7/2022، چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شیعەکان رایگەیاند، کە محەمەد شیاع سوودانی کاندید دەکەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، کاندیدکردنی سوودانی لەلایەن رەوتی رەتکرایەوە و لە 30 هەمان مانگدا لایەنگرانی سەدر خۆپیشاندانی بەرفراوانیان لە بەغدا دەستپێکرد و بەربەستەکانی ناوچەی سەوزیان بڕی و چوونە ناو باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەران، تائێستاش رەوتی سەدر سوورە لەسەر رەتکردنەوەی ئەو کاندیدە.

لەسەر داوای مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق 17/8/2022، کۆبوونەوەی لایەنەکان بۆ دیالۆگی نیشتمانی لەپێناو دەربازکردنی عێراق لە دۆخی چەقبەستووی سیاسی بەڕێوەچوو، بەڵام رەوتی سەدر ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوو، دوای کۆبوونەوەکەش ساڵح محەمەد عێراقی ناسراو بە وەزیری سەدر، رایگەیاند: " کۆبوونەوەکە تەنیا چەند خاڵێکی تێدا باسکراوە، ئەوانیش "نە برسی تێر و پۆشتە دەکەن، نە هیچ شتێکی بۆ خەڵک تێدا بوو".