رێککەوتننامەی ئەتۆمی؛ ئێران وازی لە مەرجێکی سەرەکی خۆی هێناوە

گەمارۆی ئابووری لەسەر 17 بانک و 150 ناوەندی دارایی ئێران هەڵدەگیرێت

K24 – هەولێر

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا، ئاشکرای کردووە کە ئێران بە شێوەی فەرمی وازی لە داواکارییەکی سەرەکی خۆی هێناوە. ئێران، پێشتر ئەو خواستەی بە هێڵی سووری خۆی دەزانی و یەک لە بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی بوو.

لە دواگەڕی دانوستانەکانی ڤیەننا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، وڵاتانی بەشداربوو لەسەر رەشنووسی پێشنیارکراو لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە، رێککەوتن. نوێنەری ئێران، گەڕاوە تاران و رۆژی 15ی ئاب، بە فەرمی وەڵامی یەکێتی ئەوروپایان دایەوە.

کەناڵی تەلەڤزیۆنی "سی ئێن ئێن"، لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا، زانیاری نوێی لەبارەی ناوەڕۆکی وەڵامەکەی ئێران بڵاو کردووەتەوە. "سی ئێن ئین"، ئاماژەی بە ناوی بەرپرسەکە نەکردووە.

بە پێی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە، لە وەڵامەکەی ئێراندا، داوای ئەوە نەکراوە کە سوپای پاسدارانی ئێران لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا، دەربهێندرێت.

بەرپرسەکە دەڵێت: ئەگەر ئێمە لە رێککەوتن نزیکتر بووینەتەوە، بە هۆی داواکارییەکانی تاران و وازهێنانیانە لە هەندێ داواکاری دیکە.

ئێران، وازی لە هەڵگرتنی گەمارۆی ئابووری لەسەر چەندین کۆمپانیای سەر بە سوپای پاسدارانیش هێناوە.

بە پێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، رێککەوتننامە نوێیەکە لە ماوەی دوو خوولی 60 رۆژەدا جێبەجێ دەکرێت و گەمارۆی ئابووری لەسەر 17 بانک و 150 ناوەندی دارایی ئێران هەڵدەگیرێت.

هەروەها لە ماوەی 120 رۆژدا، ئێران 50 ملیۆن بەرمیل نەوتی خۆی دەفرۆشێت و بڕی حەوت ملیار دۆلار پارەی بلۆکەکراوی ئێران لە کۆریای باشوور، ئازاد دەکرێت. لەبەرامبەریشدا، تاران واز لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دێنێت.