ئەردۆغان: لەگەڵ رژێمی سووریا هەنگاوی جددی دەنێین

"پابەندین بەیەکپارچەیی خاکی سووریاوە"
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا

K24 - سلێمانی

ئەردۆغان رایدەگەیەنێت، هەنگاوی جددی لەگەڵ رژێمی سووریا دەنێن و پیلانەکانی دژ بە ناوچەکە شکستپێدەهێنن. دەشڵێت وڵاتەکەی پابەندە بە یەکپارچەیی خاکی سووریاوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لەکاتی گەڕانەوەی لە ئۆکرانیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەوان چاویان نەبڕیووەتە خاکی سووریا و گەلی سووریا برایانن و لە گرنگی یەکپارچەیی خاکەکەیان تێدەگەن، لەسەر رژێمیش پێویستە لەوە تێبگات.

ئەردۆغان، هیوای خواست بە زووترین کات دەستووری نوێی سووریا بنووسرێتەوە و هەنگاوبنرێت لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانی ئەو وڵاتە.

سەرۆک کۆماری تورکیا جەختیکردەوە، هەرگیز ناتوانرێت واز لە گفتوگۆی سیاسی و دیپلۆماسی لەنێوان وڵاتان بهێنرێت، پێویستە بەزووترین کات ئەو گفتوگۆیە لەنێوان تورکیا و سووریا ئەنجامبدرێت.

ئەوەش لە وەڵامی پرسیارێکدا بوو سەبارەت بە لێدوانێکی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی مەهەپە، کە داوایکردبوو، ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی سووریا بۆ گفتوگۆی سیاسی بەرزبکرێتەوە، لەپێناو "لەناوبردنی تیرۆر" لە باکووری سووریا.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئامانجەکانی تورکیا لە سووریا بۆ " لەناوبردنی تیرۆر" بووە، بەتایبەتی ئەو کارانەی لەگەڵ رووسەکان لە ناوچەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای رووباری فوڕات تا دەگاتە دەریای ناوەڕاست ئەنجامیانداوە.

پێشتر مەولوود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرایکردبوو، لە کۆبوونەوەی بێلایەنەکان لە بەلگراد لەگەڵ فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەتەوە.

هەروەها هایاتی یازیجی، جێگری سەرۆکی ئاکپارتی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاندووە، رەنگە ئەنقەرە و دیمەشق لە ئاستی باڵادا کۆببنەوە.

ئەم پێشهاتە نوێیانە دوای ئەوە دێن، لە لووتکەی 19ی تەممووزی تاران، ئەردۆغان نەیتوانی رەزامەندی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا و ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران بەدەستبهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان.