کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا

K24 – هەولێر

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی رەحیم محەممەدی، شەوی هەینی (19ی ئاب) بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە، کوژراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رەحیم محەممەدی 37 ساڵان کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵیشە، بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لێکراوە و گولـلەی بەر سینگ و دڵی کەوتووە.

هەر ئەو رێکخراوەیە پێشتر بڵاویکردبووەوە کە شەوی 15ی ئاب، 12 کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی بانە، سەقز و بۆکان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، برینداربوونە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هەنگاوی راگەیاندووە، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە مەودای شەش مەتری و بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە.

ئامارێکی ورد و پشتڕاستکراو لەبارەی ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران، برینداربوونە یان گیانیان لەدەستداوە، بەردەست نییە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی کوردپا، لە ماوەی دە ساڵدا، هەزار و 506 کۆڵبەر کوژراو و برینداربوونە.

ئامارەکە بۆ نێوان ساڵانی 2010 تا 2020 دەگەڕێتەوە و لەو ژمارەیە، 515 کۆڵبەر کوژراون، 986 کۆڵبەر برینداربوونە و چارەنووسی پێنج کۆڵبەریش نادیارە.