موقته‌دا سه‌در: له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵكاران و ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن گفتوگۆ ناكه‌م
K24 - هەولێر:
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، له تویتێكدا ئاشكرایكرد، دوای پێشكه‌شكردنی پڕۆژه پێشنیازێك بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، له‌باره‌ی دانیشتن و گفتوگۆ، یاخود روبه‌روبوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ نه‌یاره سیاسییه‌كانمان، هیچ وه‌ڵامێكی ئه‌رێنیمان له‌وباره‌وه پێنه‌گه‌یشت.
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 20ـی ئاب/ئۆگێستی 2022)، رایگه‌یاند، وه‌ڵامی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی شۆڕشگێران نییه.
هه‌روه‌ها نووسیوویه‌تی: "داوا له‌هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین، له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی په‌راوێزخستنی گه‌لی عێراق، چاوه‌ڕێی هه‌نگاوی داهاتوومان بن".
ده‌شڵێت: "چاوه‌ڕێی ئه‌وه نه‌بن دووباره گفتوگۆی نهێنی ئه‌نجامبده‌ین و هیچ شتێك له‌گه‌له‌كه‌م ناشارمه‌وه، له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵكاران و ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن، گفتوگۆ و دانیشتن ناكه‌م".
دواجار موقته‌دا سه‌در، له تویته‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "له‌پێناو گه‌لی عێراق و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌رمی زۆرم نواند".
رۆژی 25ـی ته‌مموزی 2022، چوارچێوەی هەماهەنگی (محەمەد شیاع سوودانی)، بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق كاندیدكرد، به‌ره‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه 30ـی ته‌مموز/ یۆلیۆی 2022، لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در، دژی هه‌نگاوه‌كه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، له شه‌قامی كۆمارییه‌وه به‌ره‌و ناوچه‌ی سه‌وز به‌رێكه‌وتن و به‌ربه‌سته‌كانیان لابرد و دواتر چوونه ناو باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق.
مسته‌فا كازمی داوای له خۆپیشانده‌ران و هێزه ئه‌منییه‌كان كرد، ئارامی بپارێزن و دان به خۆیاندا بگرن.
دواتر محەمەد حه‌لبووسی سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق، هەڵپەساردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه راگەیاند.
رۆژی 6ـی ئاب/ ئۆگێستی 2022 باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران راده‌ستی هێزه ئه‌منییه‌كان كرایه‌وه، تا ئێستا خۆپیشاندان و مانگرتنی سه‌درییه‌كان، له‌ده‌ره‌وه‌ی باڵه‌خانه‌كه به‌رده‌وامه.