چوارچێوەی هەماهەنگی مەرجەکانی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەخاتەڕوو

سەدر بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە لەگەڵ مالیکی و خەز عەلی کۆببێتەوە
کۆبوونەوەی چوارچیوەی هەماهەنگی - ئەرشیف
کۆبوونەوەی چوارچیوەی هەماهەنگی - ئەرشیف

K24 - هەولێر

چوارچێوەی هەماهەنگی دوای 20 رۆژ بە فەرمی وەڵامی رەوتی سەدر دەداتەوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت، بەڵام چوار مەرجیان هەیە، مەرەجەکانیش بریتین لە پێکهێنانی حکومەتی راگوزەر، کە دەبێت لەناو پەرلەمانی  عێراقەوە هەڵبژاردنیان بۆ بکرێت و نابێت کازمیش سەرۆکایەتی بکات، هاوکات یاسایی هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و دەستەی کارگێڕی کۆمسیۆنیش بگۆڕدرێت، دواتر گفتوگۆی نیشتمانی ئەنجام بدرێت.

ماوەی سێ ھەفتەیە لایەنگرانی سەدر لە پەرلەمانی عێراق مانیان گرتووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی خولی پێنجەم و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن، کە ئەمە دوایین گوشار و کارتی سوورە بۆ نەیارە سەرەکییەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگی.

لەوبارەوە محەمەد کەحلاوی، شرۆڤەکاری سیاسی نزیک لە رەوتی سەدر بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئێمە کارتی سوورمان هەیە کە بەکارمان هێنا، دەبێت هەمووان لە گۆڕەپانی یاریگاکە دەرچن، ئەوەی لە پلانماندایە جێبەجێی دەکەین بۆ عێراق، چونکە دەبێت حکومەتی چاکسازی وڵات بەڕێوەببات حکومەتی تەوافقیشمان ناوێت، بەڵکو دەبێت حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی هەبێت".

چوارچێوەی هەماهەنگی بە فەرمی وەڵامی سەدرییەکان دەدەنەوە و مەرجەکانیان بۆهەڵبژاردنی پێشوەخت دەخەنەڕوو.

ریاز وحێلی، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ی گوت: "من پێم وایە سەدرییەکان ئەو خاڵانە رەتدەکەنەوە، بەڵام پڕۆسەی سیاسی لە عێراق تەنها بریتی نییە لە رەوتی سەدر، بەڵکو چەندین کوتلەی دیکەی گرنگ هەن و کاریگەرن، بە بڕوای من دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان لە رۆژانی داهاتوو ئەنجام دەدرێت، بە تایبەت ئەگەر هەردوو حزبە کوردییەکە رێکبکەون لە سەر کاندیدی سەرۆک کۆمار. رێککەوتنیش هەیە لەنێوان هاوپەیمانی سیادە و چوارچێوەی هەماهەنگی تاکو لە دەرەوەی باڵەخانەی پەرلەمان کۆبوونەوەکە بەڕێوەبچێت بە پێی یاسا و دەستوور".

چوارچێوەی هەماهەنگی و تەنانەت لایەنەکانی دیکەش، بۆ چارەسەری دۆخی چەقبەستووی عێراق چەندین پێشنیازیان کردووە، بەڵام موقتەدا سەدر قسەی یەکەم و کۆتایی تاکو هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان رەتکردنەوەی هەموو گفتوگۆیەکە لەگەڵ نووری مالکی و قەیس خەزعەلی.