مەرجەکانی حکومەتی سووریا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا

"بەرپرسانی تورک لەوە تێگەیشتوونە کە ئەگەری گۆڕینی رژێمی سووریا لە رێگەی هێزەوە کۆتایی پێهاتووە"
نزال قبلان، باڵیۆزی پێشووی سووریا لە تورکیا
نزال قبلان، باڵیۆزی پێشووی سووریا لە تورکیا

K24 – هەولێر

باڵیۆزی پێشووی سووریا لە تورکیا، پێیوایە دەرچوونی سوپای تورکیا و چەکدارانی سەر بە وڵاتە و کۆتاییهێنان بە پشتگیریی ئەنقەرە لە گرووپە تیرۆریستییەکان، لە مەرجە سەرەکییەکانی دیمەشق بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە دەبێت.

نزال قبلان، باڵیۆزی پێشووی سووریا لە تورکیا، بە ئاژانسی سپۆتنیکی رووسی راگەیاندووە کە کۆبوونەوەکانی سۆچی و تاران، بوونە هۆی گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی دیمەشق و ئەنقەرەدا.

ئەو، پێیوایە بەرپرسانی تورک لەوە تێگەیشتوونە کە ئەگەری گۆڕینی رژێمی سووریا لە رێگەی هێزەوە کۆتایی پێهاتووە، هەر بۆیە بۆچوون و هەڵوێستیان گۆڕانکاری بەسەردا هات.

قبلان، لەبارەی داواکارییەکانی دیمەشق بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا، گوتی: پێویستە تورکیا کۆتایی بە پشتگیری لە گرووپە تیرۆریستییەکان بێنێت و بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئیدلب و بەتایبەت گەرووی "بابولهەوا" و رێگەی "ئێم 4" کە لازیقەی بە حەلەب دەبەستێتەوە، یارمەتی حکومەتی سووریا بدات.

ئەو هەروەها رایگەیاند: دیمەشق دەیەوێت هەموو هێزەکانی تورکیا لە ناو خاکی سووریادا، پاشەکشەیان پێبکرێت و حکومەتی ئەنقەرە لە رێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئەندامێتیی لە ناتۆ، گەمارۆ لەسەر بەرپرسانی دیمەشق و دامەزراوە حکومییەکانی هەڵبگیرێت.

نزال قبلان، پێیوایە تەنیا لەو رێگەوەیە لاپەڕەیەکی نوێ لە نێوان دیمەشق و ئەنقەرەدا دەکرێتەوە. ئەو دەڵێت: هەموومان دەزانین لە ناو سیاسەتدا دۆست یان دوژمنی هەمیشەیی نییە، بۆیە هەموو ئەگەرێک کراوەیە و هەر دوو حکومەت سوودی زۆر لە هەڵدانەوەی ئەو لاپەڕە نوێیە دەبینن.