گاردیان: رەنگە ئەمەریکا لە لێواری شەڕی ناوخۆدا بێت

"ئەگەر دامەزراوەکانمان لاواز ببن، دەشێت مێژوو جیاواز بێت"
ئەندامێکی رێکخراوێکی راستڕەوی توندڕەوی ئەمەریکی، پراود بۆیس
ئەندامێکی رێکخراوێکی راستڕەوی توندڕەوی ئەمەریکی، پراود بۆیس

K24 - هەولێر:

بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، پەرەسەندنی بێمتمانەیی بە دامەزراوە سیاسییەکانی ئەمەریکا ئاماژەیە بۆ ئەوەی، رەنگە ئەو وڵاتە لە لێواری ململانێیەکی نوێی ناوخۆییدا بێت.

دکتۆر گارین وینتێموت دامەزرێنەری سەنتەری کالیفۆرنیا بۆ لێکۆڵینەوە لە توندوتیژی چەك، بە رۆژنامەی گاردیانی راگەیاند، پێشتر هۆشداریدان لە نزیکبوونەوەی شەڕی ناوخۆ لە ئەمەریکا شتێکی بێمانا بوو، بەڵام راپرسییەکی سەنتەرەکە کە لە مانگی تەمووزدا کرا، ئەنجامی سەرسوڕهێنەری هەبوو.

بە گوێرەی راپرسییەکە، لە سەدا 50ـی ئەمەریکییەکان پێشبینی شەڕی ناوخۆ دەکەن لە چەند ساڵی داهاتوودا و، لە هەر پێنج هاووڵاتییەکی ئەمەریکا یەکێکیان پێیوایە توندوتیژی سیاسی لە هەندێک بارودۆخدا رەوایە.

دکتۆر گارین  گوتیشی: 40%ی ئەمریکییەکان پێیانوایە هەبوونی سەرکردەیەکی بەهێز بۆ وڵاتەکە لە مانەوەی دیموکراسی گرنگترە.

راشیل کلانفید، توێژەر و پسپۆڕی ململانێی مەدەنی، باسی لەوەکرد، سیستەمی سیاسی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەرەنتی ئەوە نادات کە هیچ ململانێیەکی توندوتیژ لەو وڵاتەدا روونەدات.

کلانفید جەختیشیکردەوە لەوەی، "ئەگەر دامەزراوەکانمان لاواز ببن، دەشێت مێژوو جیاواز بێت".

ئەو توێژەرە گوتیشی: دەبینیت سێ بۆ پێنج ملیۆن ئەمەریکی هەن کە ئامادەن ئازاری ئەمەریکییەکانی دیکە بدەن بەهۆی بیروباوەڕی سیاسییانەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی، خەڵکی ئەمەریکا زۆر نائومێدن لە دیموکراسی ئێمە و، پێیان وانییە کار بکات".

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی هەڵکووتانە سەر ماڵی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ لەلایەن (ئێف بی ئای)ـەوە، بەهۆکارێك بۆ هاندانی زیاتری توندوتیژی دەزانێت.

لەسەروو هەموو ئەوانەشەوە ئاماژە بەوە درا، کە فرۆشی چەک بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناوخۆی ئەمەریکا زیادی کردووە.