گەنجێک لە سلێمانی کچێکی رفاند و لە هەولێر دەستگیرکرا

پۆلیسی هەولێر: کچەکە رادەستی کەسوکاری کرایەوە
وێنەی تۆمەتبارەکە - فۆتۆ: ریناس عەلی
وێنەی تۆمەتبارەکە - فۆتۆ: ریناس عەلی

K24 – هەولێر

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، گەنجێکیان بە تۆمەتی رفاندنی کچێک لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر، دەستگیر کردووە.

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: کوڕێکی تەمەن 31 ساڵ لە سلێمانی کچێکی تەمەن 20 ساڵی رفاندووە و بۆ هەولێری هێناوە، وەکو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەدواداچوونی فەرمانی دەستگیرکردنی کوڕەکەمان کرد، کە بەپێی ماددەی 421 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو، توانیمان ئەو کەسە دەستگیر بکەین و کچەکەش رادەستی کەسوکاری بکەینەوە.

گوتیشی: تۆمەتبارەکە رادەستی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەکەینەوە، بۆ ئەوەی رێکار و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، هەماهەنگی تۆکمە لەنێوان پۆلیسی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان هەیە.

هۆگر عەزیز، راشیگەیاند: لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا پۆلیسی هەولێر زیاتر لە 130 تۆمەتباری دەستگیرکردووە و رادەستی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و پارێزگای و ئیدارە سەربەخۆکانی کردونەتەوە، کە لەو شوێنانە سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمارکراوە.