پۆلیسی سلێمانی: کەسێکمان دەستگیرکرد بە فێڵ ئۆتۆمبێل و خانووی لە هاووڵاتیان وەرگرتووە

"لە هەولێر و سلێمانیش فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە"
تۆمەتبار (ف، ف، ت)
تۆمەتبار (ف، ف، ت)

K24 - سلێمانی:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردوە، کە ئۆتۆمبیل و خانووی لە هاووڵاتیان بە فێڵ وەرگرتووە و پێنج فەرمانگی دەستگیرکردنی هەبووە.

لە راگەیەندراوێکیدا، ئەمڕۆ یەکشەممە (21ی ئابی 2022) پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی بەختیاری، تۆمەتبارێكیان دەستگیركردووە، كە فێڵی لە هاووڵاتیان كردبوو، چەند فەرمانێكی دەستگیرکردنیشی هەبووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، لە رێگەی وەرگرتنی پارە و ئۆتۆمبێل و خانوو تۆمەتبارەکە فێڵی لە هاووڵاتیان کردووە.

تۆمەتبارەکە ناوی (ف، ف، ت)ـەو لەدایکبووی ساڵی 1985 و، سێ فەرمانی دەستگیرکردنی لە بنکەی پۆلیسی بەختیاری، یەک فەرمانی دەستگیرکردن لە بنكەی پۆلیسی رزگاری و فەرمانێكی دەستگیرکردنیش لە پۆلیسی هەولێر هەبووە.