ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق چەند مانگێک بەردەوام دەبێت

لە سنووری دیالە و خورماتوو بە دوای چەکدارانی داعشدا دەگەڕێن
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

هەماهەنگی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ راوەدوونانی چەکدارانی داعش بەردەوامە و گوتەبێژی فەرماندەیی هاوبەشەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا چەند مانگێک بەردەوام دەبێت.

تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کۆتایی هەفتەی رابردوو قۆناغی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پتەو"یان دەستپێکردووە و زیاتر لە چەند مانگێک بەردەوام دەبێت.

راشیگەیاند: لەنێوان فەرماندەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق پلان بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دانراوە، بە ئامانجی کێوماڵکردنی ناوچەکانی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەیە لە سنووری دیالە و خورماتوو.

خەفاجی گوتیشی: هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە گەیشتوونەتە خاڵی تەماس و ئەوەش ئامانجێکی گرنگی هەردوولایە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەی داعش وەک بۆشایی ئەمنی بەکاریدەهێنان.

جەختیشدەکاتەوە، پێشمەرگە و سوپای عێراق زیاتر لە ساڵێکە هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ و چەندین کۆبوونەوەیان کردووە، تا گەیشتوونەتە ئەو قۆناغەی ئێستا کە متمانە لەنێوانیاندا بونیاتنراوە بۆ بەگەڕخستنی هەوڵی هاوبەش و پێدانی پەیامێکی هاوبەش بە تیرۆریستان، لەپێناو پاراستنی خاکی عێراق.

گوتەبێژی فەرماندەیی هاوبەشەکانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو: عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر پێکهێنانی ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش رێککەوتوون و پڕۆسەیەکی تەندروست لە نێوانیاندا دەستیپێکردووە و پێمان وایە ئەنجامی باشی دەبێت.

سەرچاوە: صوت العراق