باڵیۆزی ئیمارات دوای 7 ساڵ بۆ ئێران گەڕایەوە

هەر دوو وڵاتدا بۆ بەرەوپێشبردنی کاری نوێنەرایەتییەکانیان تا ئاستی باڵیۆز رێککەوتوون

K24 - هەولێر

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئاشکرای کرد کە سەیف محەمەد زعابی، وەک باڵیۆزی خۆی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەنێرێتەوە و لە رۆژانی داهاتوودا دەست بە کارەکانی خۆی دەکاتەوە.

لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتدا هاتووە، "لە ئاراستەی هەوڵەکانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئیران و لە درێژەی دانوستانەکانی نێوان وەزارەتەکانی دەرەوەی هەر دوو وڵاتدا بۆ بەرەوپێشبردنی کاری نوێنەرایەتییەکانیان تا ئاستی باڵیۆز، ئەو بڕیارە دراوە".

لەو بەیاننامەیەدا هەروەها دووپات لە "گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات بە مەبەستی گەیشتن بە بەرژەوندیی هاوبەش و پەرەپێدانی هاوکاری ناوچەیی لەگەڵ وڵاتانی درواسێدا"، کراوەتەوە.

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە ساڵی 2015 و دوای وڵاتانی سعوودیا، بەحرەین و سودان، باڵیۆزی خۆی لە تاران کشاندەوە و ئاستی پەیوەندییەکانی بۆ کاردار دابەزاند.

حکومەتی کوێت، یەک لەو وڵاتانە بوو کە شەش ساڵ لەمەوبەر بە نیشانەی پشتیوانی لە سعوودیا، باڵیۆزی خۆی لە تاران بانگهێشت کردەوە. ئەم حکومەتەش بەمدواییانە باڵیۆزێکی نوێی لە تاران دیاری کرد.