ئەمڕۆ هەڵمەتی کۆکردنەوە و بەخشینی کتێب بۆ زیندان و شێڵتەرەکان دەستپێدەکات

K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان بانگهێشتی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، کتێبخانەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نووسەران و رۆشنبیران دەکات بۆ هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی کتێب بۆ زیندان و شێڵتەرەکان.
ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی ئابی 2022، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان لە بانگەوازێکدا رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بۆ ماوەی مانگێک هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی کتێب رێکدەخات، بە مەبەستی بەخشینی کتێب بە زیندانەکانی چاکسازی نەوجەوانان، گەوران، ئافرەتان و شێڵتەرەکانی داڵدەدانی ئافرەتان.
ئاماژە بەوەش درا، هەڵمەتی کۆکردنەوە و بەخشینی کتێب لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت، بەڕێوەبەرایەتییەکە راشیگەیاند، دەتوانن کتێبەکان بگەیەننە کتێبخانە گشتییەکان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و پاشان لە مەراسیمێک دەبەخشرێتە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان لە بانگەوازەکەیدا باسی لەوەشکردووە، "بەشداریکردن لە هەڵمەتی بەخشینی کتێب، بەشداریکردنە لە رووناککردنەوەی زیندان و شێڵتەرەکان بە کتێب و وشە و پەیڤ و رۆشنبیریی".